سەنتەری شەكرە وكوێرە گلاندەكان



تایبەت " تەندروستی"

- ناساندن :

سەنتەری شەكرە و كوێرە گلاندەكان دامەزراوەیەكی تەندروستی حكومییە و سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییە بۆ تۆماركردن و چارەسەركردن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی شەكرە بۆ تووشبوانی سەروو تەمەنى (15) ساڵ لەگەڵ چارەسەركردنی كەمی هۆرمۆنی گەشەی منداڵ و كەمی هۆرمۆنی نێرینە و هۆرمۆنی غودەكان لەتەمەنی سەروو 11 ساڵەوە.


- دامەزراندن :

ئەم سەنتەرە لە 19/4/2007  لەبینای كلینكی ڕاوێژكاری میللی ئێوارانی یەك لە شەقامی پیرەمێرد دامەزرا لەژێرناوی كلینكی ڕاوێژكاری شەكرە و لەرێكەوتی 17/10/2009 لە گەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانی نزیك نەخۆشخانەی شۆڕش بینایەكی تایبەت بەم كلینكە كرایەوە و تێیدا پزیشك و كارمەندان دەست بەكاربوون، لەرێكەوتی 16/6/2010  ناوی كلینكی ڕاوێژكاری شەكرە گۆڕدرا بۆ سەنتەری شەكرەو كوێرەگلاندەكان و خزمەتگوزاری ئەم سەنتەرە بۆ ناو شاری سلێمانی و دەوروبەرە بەشێوەیەكی تایبەت و بۆ شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عیراق.

- دیدگای سەنتەر :

* دیدگای ئەم سەنتەرە بۆ داهاتوو بریتیەلە دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لەهەموو ئەو كارانەی تایبەت دەبن بە نەخۆشی شەكرە و كوێرەگلاندەكان و تۆماركردنی ناوی هەموو ئەو هاوڵاتیانەیە كە لەسنووری جوگرافیای بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدان و تووشی نەخۆشی شەكرە بوون و هەوڵی چارەسەركردن و چاودێریكردنی ووردی ڕەوشی تەندروستیان لەگەڵ دابینكردنی دەرمانی پێویست و بەردەوام بۆ نەخۆشەكان، هەروەها چاودێری و چارەسەركردنی ئەو منداڵانەی كەكێشەی كەمی هۆرمۆنی گەشەیان هەیە.
* بەرنامە و پرۆگرامی تایبەت بەچۆنیەتی گۆڕینی ژیانی هاوڵاتیان لەرووی تەندروستیەوە.


- ئامانجی سەنتەر :

* پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو هاوڵاتیانەی تووشی نەخۆشی شەكرە بوون و چاودێری كردنی ووردی باری تەندروستیان.
* چارەسەركردنی ئەو نەخۆشانەی تۆماردەكرێن لەسەنتەرەكە بەهۆی كەمی هۆرمۆنی نێرینە و دابینكردنی دەرمانی پێویست بۆیان.
* چارەسەركردن و دابینكردنی دەرمانی پێویست بۆ ئەو منداڵانەی تۆمارن لەسەنتەرەكە و كێشەی كەمی هۆرمۆنی گەشەیان هەیە.
* كردنەوەی خولی زانستی سەبارەت بەنەخۆشی شەكرە و چۆنیەتی چارەسەركردن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكە و بەشداری پێكردنی پزیشك و كارمەندان لەو خولانەدا بۆ زیاتر پێشخستنی بواری زانستی پزیشك و كارمەندانی سەنتەركە.
* دەستەبەركردنی ژینگەیەكی پاك و لەبار بۆ ئەو نەخۆشانەی سەردانی سەنتەرەكە دەكەن.
* پەیڕەوكردنی تەواوی ڕێنمای ئینفێكشن كۆنترۆڵ و سەلامەتی تەندروستی.
* تۆماركردنی سەرجەم هاوڵاتیانی دانیشتووی شاری سلێمانی و دەوروبەری كە تووشی نەخۆشی شەكرەبوون و چاودێریكردنی بەردەوامیان بەپێی ئەو پلانەی بۆیان دابینكراوە.
* هەوڵدانی بەردەوام بۆ دابینكردنی تازەترین دەرمانی چارەسەری نەخۆشی شەكرە و ماكەكانی.
* سەنتەرێك بێت بۆ توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی وەزارەتە جیاجیاكان وەك چۆن لەئێستادا چەندین توێژینەوەی تێدائەنجام دراوە.
* هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بەنەخۆشی شەكرە و چارەسەرەكانی لەڕێگەی ئەنجادانی سیمینار و سیمپۆزم و كۆنفرانسەوە.

- سەرچاوەى مرۆیی سەنتەر :

لەم سەنتەرە 12 پزیشكی گشتی كاردەكەن كە 8 یان خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و 4 پزیشكیان خاوەنی بڕوانامەی بۆرد و دكتۆران و 5 دەرمانساز كاردەكەن كە 3 یان خاوەنی بڕوانامەی زانكۆ و 2 دەرمانسازیان خاوەنی بڕوانامەی پەیمانگان و هەروەها 18 پەرستیار كاردەكەن كە 2 یان خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و یەك پەرستار خاوەنی بڕوانامەی زانكۆ و 10 پەرستار خاوەنی بڕوانامەی پەیمانگا و 5 یان خاوەنی بڕوانامەی خوار پەیمانگان .
4 كارمەندی كارگێڕی كاردەكەن كە خاوەنی بڕوانامەی خوارپەیمانگان و 6 كارمەندی تاقیگە كاردەكەن كە 4 یان خاوەنی بڕوانامەی زانكۆ و 2 یان خاوەنی بڕوانامەی پەیمانگان و 2 كارمەندی تەكنیكی و 1 شۆفێر و 2 پاسەوان و 4 كارگوزار كاردەكەن.


- جۆری خزمه‌تگوزارییە پزیشکی و تاقیگه‌ییەكان :

چارەسەری هەناوی نەخۆشی شەكرە و كەمی هۆرمۆنی گەشە و كەمی هۆرمۆنی نێرینە.
خزمەتگوزاری تاقیگەیی: پشكنینی خوێن ، پشكنینی میز ، پشكنینی كیمیایی  و پشكنینی هۆرمۆنات و غودەكان.


- چۆنێتی پەیوەندیكردن بە سەنتەرەكەوە :

* ناونیشان و شوێنی جوگرافی:
سلێمانی - ناوچەی قڕگە / كانی با ، خوار نەخۆشخانەی شۆڕش ، پشتی نەخۆشخانەی چەمی ڕەزان ، بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
* ژمارەی تەلەفۆن: 07480181369 




ئه‌م بابه‌ته 4867 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:51:20/12/2015