د.بڕوا هیوا جەمیل: سەرەكیترین هۆكاری نەخۆشی ڕۆماتیزم بۆماوەییە


" تەندروستی"

د.بڕوا هیوا جەمیل پزیشكی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم و بەڕێوبەری سەنتەری ڕاوێژكاری ڕۆماتیزم و ڕاهێنانی پزیشكی لەدیدارێكدا لەگەڵ سایتی " تەندروستی " باس لەهۆكارەكان و نیشانەكانی نەخۆشی ڕۆماتیزم دەكات و ڕایدەگەیەنێت ڕۆماتیزم نەخۆشیەكی درێژخایەنە و زیاترلە 250 جۆری هەیە، بەڵام هەندێكیان كورتخایەنن.

تەندروستی: كارەكانی سەنتەری ڕۆماتیزم چیە؟

د.بڕوا هیوا: ئەم سەنتەرە پێكهاتووە لەدوو بەشی سەرەكی بەشی چارەسەری نەخۆشیە ڕۆماتیزمەییەكان و بەشی چارەسەری سروشتی كەبەشێكی سەرەكیە لەم سەنتەرەدا و ڕۆژانە نزیكەی 70 بۆ 80 نەخۆش چارەسەری سروشتی وەردەگرن و رێژەكەش لە%70 ژنانن و ئەوانی تر پیاوانن.
نەخۆشی تر هەیە وەك نەخۆشی سەدەفی ڕۆماتیزمی یان نەخۆشی گورگەسورە و نەخۆشی ڕەقبوونی پێست بەگشتی ئەمانە لەجۆرە باوەكانن و درێژخایەنن و سەردانمان دەكەن و دەرمانە درێژخایەكانی ئەم نەخۆشانە بەشێوەی دەفتەر لەسەنتەرەكەمان سەرف دەكرێت و نەخۆشەكان مانگانە سەردانمان دەكەن.

تەندروستی: ئەو نەخۆشخانە كامانەن دەتوانن سەردانی ئەم سەنتەرە بكەن؟

د.بڕوا هیوا: نەخۆشیە ڕۆماتیزمەیی و جومگەییەكان ڕۆژانە نزیكەی 150 بۆ 200 نەخۆش سەردانی ئەم سەنتەرە دەكەن و چارەسەر وەردەگرن، ئەو نەخۆشانەی سەردانی ئەم سەنتەرە دەكەن بەدوو شێوە دێن یان ڕاستەوخۆ دێن یان لەڕێگەی خەستەخانەی شار یان لەرێگەی عیادەكانەوە دێن.
ئەو نەخۆشانەی دێن زیاتر دەناڵێنن بەدەست ئازارێكی درێژخایەنی جومگە و ڕۆماتیزم یان بڕبڕەی پشت و جومگەی ئەژنۆ و جومگەكانی تریان و بێ هیچ ئیحالەیەك دەتوانن سەردان بكەن، هەندێك لەنەخۆشەكان لەنەخۆشخانەكانی ترەوە دێن یان لەدەرەوەی شارەوە دێن و ئیحالەكراون دەتوانرێت لێرە ببینرێن و چارەسەریان بۆ بكرێت چەند شێوازێك بینیمان هەیە.

تەندروستی: جۆرەكانی نەخۆشی ڕۆماتیزم چیە؟

د.بڕوا هیوا: دەتوانین نەخۆشیە ڕۆماتیزمەییەكان پۆلێنیان بكەین بەچەند جۆرێك و زۆرترینیان نەخۆشی ڕۆماتیزمی خوێنە و ناسراوە بەڕۆماتۆید و ئەم نەخۆشانە زۆر سەردانمان دەكەن لەبەرئەوەی ئەم نەخۆشانە پێویستیان بەچاودێری بەردەوام هەیە و دەفتەری درێژخایەنی ڕۆماتیزمەیان هەیە و مانگانە دەبێت پزیشكی پسپۆڕ بیبینێت و چارەسەری بەردەوام وەربگرێت.
ڕۆماتیزم نەخۆشیەكی درێژخایەنەو زیاترلە 250 جۆری هەیە، بەڵام هەندێكیان كورت خایەنن وەك ڤایرۆسیەكان یاخود گرژبوونی ماسولكەیی و هەوكردنە سادەكان لەماوەی مانگێك چارەسەر دەبێت بەدەرمانێكی سەرەتایی، بەڵام بەشێكی تریان درێژخایەنە و ئەو نەخۆشانە زیاتر سەردانی سەنتەرەكەمان دەكەن و پێیان دەوترێت ڕۆماتیزمە درێژخایەنەكان وەك ڕۆماتیزمی خوێن یان ڕۆماتیزمی سەدەفی یان ڕۆماتیزمی بڕبڕەی پشت كە بەڕەقبوونی بڕبڕەی پشت ناسراون.

تەندروستی: نیشانەكانی ڕۆماتیزم چیە؟

د.بڕوا هیوا: لەنیشانەكانی ڕۆماتیزم سووربوونی پێڵوی چاو و هەوكردنی بەرگی چاو یان ئەو كەسانەی پەڵەی پێستیان هەیە و بەشێكی زۆر لەنەخۆشە ڕۆماتیزمەییەكان دەناڵێنن بەدەست چەند نیشانەیەك وەك برین و هەوكردنی چاو یان برینی پێست یان پەڵەیەكی بێزاركەر لەسەر پێستیان یان لەسەر پەلەكانی دەست و قاچیان دروست دەبێت ئەمانەش هەندێكجار لەسەرەتای نەخۆشیەكەیان قۆناغێك لەقۆناغەكانی نەخۆشیەكە تووشیان دەبێت.
سەرەتاترین نیشانەكانی ڕۆماتیزمە كەسێك گومان بكات ڕۆماتیزمەی هەیە بریتیە لەبوونی ئازار و دواتر ئازارەكە دەبێتە ئاوساویی یان ڕەقبوونی جومگە یان سووربوونەوە و گەرم بوون، ئەمانە پێنج نیشانەی سەرەكی نیشانەكانی ڕۆماتیزمە لەنەخۆشدا و هەركەسێك ئەم نیشانانەی هەست پێكرد لەجومگەیەك یان لەچەند جومگەیەكیدا واباشترە لەزووترین كاتدا سەردانی پزیشكی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم بكات تاوەكو نیشانەكانی هەڵبسەنگێنێت.

تەندروستی: هۆكارەكانی رۆماتیزم چیە ؟

د.بڕوا هیوا: هۆكارەكانی ڕۆماتیزم دابەش دەبێت بۆ دووهۆكار و سەرەكیترین هۆكاری نەخۆشی ڕۆماتیزم بۆماوەییە واتە نەخۆشەكە لەباوانیەوە هەڵگری جیناتی ڕۆماتیزمە لەدایك یان باوك یاخود باوانی سەرووتر بۆی ماوەتەوە و بەهۆی ئەم جیناتەوە ئەگەری توشبوونی زیاترە بەراورد بەكەسێكی ئاسایی.
هۆكاری ژینگەیی كاریگەری هەیە لەسەر دەركەوتنی نیشانەكانی ڕۆماتیزم لەتەمەنێكدا و لەهۆكارە ژینگەییەكان (قەڵەوی، جگەرەكێشان، سەرمابوون، خواردنەوە كحولیەكان، خواردنی ناتەندروست ، وەرزش نەكردن، ناجێگیری حاڵەتی دەروونی) هەروەها هەندێك جۆری خواردن بۆ هەندێك جۆر ڕۆماتیزم كاریگەرن و دەبێتە هۆی دەركەوتنی نیشانەكانی لەتەمەنێكدا.

تەندروستی: توشبوون بەڕۆماتیزم پەیوەستە بەتەمەنێكی دیاری كراوەوە؟

د.بڕوا هیوا: هەموو تەمەنێك تووشی نەخۆشی ڕۆماتیزم دەبێت لەمنداڵی شەش مانگی هەتا تەمەنی پیربوون، بەڵام بەشە زۆرەكەی نەخۆشی ڕۆماتیزم دەتوانین بڵێین لە 70% بۆ لە80%ی ژنان تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن لەسەروو تەمەنی 50 بۆ 60 ساڵی، واتە زۆربەی نەخۆشیە ڕۆماتیزمەییەكان لەو تەمەنەندان.

تەندروستی: چارەسەری ڕۆماتیزم چیە؟

د.بڕوا هیوا: رۆماتیزم پاش ئەوەی دیاریكراو جۆرەكەی دەستنیشان كرا چارەسەری تەواو وەردەگرێت و لەهەندێك نەخۆشدا بەدەرمان لەوانەیە چارەسەر نەبێت لەوانەیە پێویست بەدەرزی جومگە بكات و دەرزی دژە هەوكردنی جومگە یاخود چارەسەر بەدەرزی بایلۆجی و دژە رۆماتیزمە بەهێزەكانی بۆ دەكرێت و هەندێجار ئەگەر لەقۆناغە كۆتاكانی بێت جومگەكە خوار بووە و لەكار كەوتووە لەو كاتەدا پێویست بەنەشتەرگەری دەكات و زۆربەی كات نەشەرگەریەكە بریتیە لەگۆڕینی جومگە.

د.بڕوا هیوا جەمیل پزیشكی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:32:19/03/2023