مانگی هۆشیاری بۆ شێرپەنجەی كۆڵۆن


" تەندروستی"

هەموو ساڵێك مانگی ئازار دیاریكراوە بۆ هۆشیاری لەشێرپەنجەی كۆڵۆن و پسپۆڕانی تەندروستی باس لەگرنگی پشكنینی پێشوەخت و پشتیوانی تووشبووان و چاكبووەكان دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشیە.

بەپێی ئامارەكان لەسەر ئاستی جیهان شێرپەنجەی كۆڵۆن بەسێیەم جۆری باوی جۆرەكانی شێرپەنجە دادەنرێت و دەگاتە لە10%ی كۆی جۆرەكانی شێرپەنجە و ئەم نەخۆشیە لەنێو وڵاتە پێشكەوتووەكان ڕێژەكەی بەرزە و لە65%ی كۆی تووشبوون لەنێو وڵاتانی پێشكەوتوودایە.

شێرپەنجەی كۆڵۆن باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو پیاوان و دووەم جۆری شێرپەنجەی باو دادەنرێت لەنێو ژنان لەدوای شێرپەنجەی مەمك و بەدووەم هۆكاری گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجە دادەنرێت لەجیهان و ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیكەی یەك ملیۆن كەس.

شێرپەنجەی كۆڵۆن چیە:

- شێرپەنجەی كۆڵۆن و ناسراو بەشێرپەنجەی ناوسك بریتیە لەجۆرێكی شێرپەنجە كە لەناو كۆڵۆن و بەشەكانی ناوسك دروست دەبێت بەهۆی ڕوودانی گەشەكردنێكی ناسروشتی خانەكان كە توانای بڵاوبوونەوەی هەیە لەبەشەكانی دیكەی لەش.
زۆرینەی جار شێرپەنجەی كۆڵۆن وەك گرێیەكی پاك یان وەك گرێیەكی گۆشتی دەستپێدەكات و بەتێپەڕبوونی كات دەگۆڕێت بۆ شێرپەنجە.

هۆكارەكانی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن:

- سیستمی خۆراكی خراپ و قەڵەویی.
- جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحول.
- كەمی جووڵە و چالاكی جەستەیی.
- خواردنی گۆشتی سور و گۆشتە چارەسەركراوەكانی وەك گۆشتی سوێركراو و ووشككراو و گۆشتی لەقتوونراو و گۆشتی خۆشكراو.
- نەخۆشیەكانی هەوككردنی ناوسك.
- تێكچوونی جیناتی بۆماوەیی كەتەنیا لە5%ی حاڵەتەكان پێكدەهێنێت.

دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن:

* ئەو جۆرە نەخۆشیە لەرێگەی وەرگرتنی نمونەیەك لەكۆڵۆن لەرێگەی هەناوبینی دەست نیشان دەكرێت لەدوای وێنەگرتنی پزیشكی بۆ دیاری كردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە.
پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بەرێوشوێنێكی چالاك دادەنرێت بۆ رێگرتن و كەمكردنەوەی گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەی كۆڵۆن و پزیشكان رێنمایی دەدەن ئەو جۆرە پشكنینانە لەسەرەتای تەمەنی 50 ساڵیەوە تاوەكو 75 ساڵی بكرێت.

چارەسەركردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن:

* ئەو نەخۆشیە چارەسەر دەكرێت لەرێگەی كۆكردنەوەی چەند شێوازێك ئەوانیش نەشتەرگەری و چارەسەری تیشكی و چارەسەری كیمیایی و چارەسەر لەرێگەی شەپۆلەوە.
ئەو شێرپەنجانەی لەناو دیواری كۆڵۆندان زیاتر شایەنی چارەسەركردنن لەرێگەی نەشتەرگەری، لەكاتێكدا قورسە چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیە لەكاتی بڵاوبوونەوەی و گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دیكەی لەش.

نیشانەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن :

لەنیشانەكانی تووشبوون بەم جۆرە شێرپەنجەیە بریتیە لەبوونی خوێن لەناو پیسایی و قەبزبوونی توند یان سكچوون و سك ئێشە لەگەڵ لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و كێش و هەستكردن بەگێژبوون و هیلاكی بەردەوام و ڕشانەوە.
ڕوودانی خوێنبەربوون یان تووشبوون بەكەم خوێنی بەنیشانەی مەترسیدار دادەنرێت لای ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو پەنجا ساڵیەوەیە و زۆرینەی شێرپەنجەی كۆڵۆن بەهۆكاری پەیوەندیدار بەشێوازی ژیان و بەساڵاچوون لەگەڵ ژمارەیەكی كەمی حاڵەتەكان بەهۆكاری بۆماوەیی ڕوودەدات.

دەكرێت مەترسیەكانی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن كەمبكرێتەوە لەرێگەی گرتنەبەری شێوازێكی ژیانی تەندروست و كەمكردنەوەی هۆكارە مەترسیدارەكانی ئەو نەخۆشیە وەك قەڵەوی و كەمی جوڵەی جەستەیی و سیستمی خۆراكی خراپ و جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحول.
زیادكردنی چالاكی جەستەیی وەك رۆیشتن و پاسكیلسواری و خواردنەوەی پێنج كوپ ئاو لەرۆژێكدا و خواردنی میوە و سەوزەوات و كەمكردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی دەستكاریكراو رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:07:12/03/2025