نەشتەرگەرییەكی دەگمەنی گیرانی دەنگ بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا


" تەندروستی"

لە كارێكی پزیشكیی سەركەوتوودا، تیمە پزیشكییەكانی سەنتەری قوڕگ و لووت و گوێ توانییان لەڕێگەی نەشتەرگەرییەكی تایبەت و ورد كۆتایی بە نەهامەتی پێنج ساڵەی نەخۆشێك بهێنن و توانای قسەكردن و دەنگی سروشتی بۆ بگەڕێننەوە كە بەدەست ئیفلیجی دەنگەژێیەكانیەوە دەیناڵاند.

چیرۆكی نەخۆشەكە:
نەخۆشەكە تەمەنی 47 ساڵ بوو، پێنج ساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەری غودەی دەرەقی بۆ كرابوو و بەهۆی لێكەوتەكانی ئەو نەشتەرگەرییە تووشی ئیفلیجی دەنگەژێی چەپی ببوو و ببووە هۆی ئەوەی دەنگی بە تەواوی گڕ ببێت، لە كاتی قسەكردنی زۆردا زوو هیلاك بێت و تووشی تەنگەنەفەسی ببێت و بەهۆی ئەم دۆخە مەترسیدارە پزیشكان بڕیاریاندا پرۆسەی چارەسەركردنی بۆ دەستپێبكەن.

پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە:
بە بەنجی لۆكاڵی و بەبێ بێهۆشكاری گشتی لەناو سەنتەری قوڕگ و لووت و گوێ پرۆسە پزیشكییەكە لەڕێگەی ملەوە و تەنیا بە بەكارهێنانی سڕكردنی لۆكاڵی ئەنجام درا.
لەم تەكنیكە پزیشكییەدا، تیمەكە توانییان ئەو دەنگەژێیەی  تووشی ئیفلیجی بووە و كار ناكات، نزیك بكەنەوە لە دەنگەژێیە ساغەكەی تەنیشتی، تاوەكو توانای لەرینەوە و دروستكردنی دەنگی بۆ بگەڕێتەوە.
ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بە شێوەیەكی گشتی بۆ ئەو كەسانە ئەنجام دەدرێت كە بەهۆی وەرەم و نەشتەرگەری پێشوو یان هەر حاڵەتێكی ترەوە تووشی لاوازی و ئیفلیجی لایەكی دەنگەژێیەكانیان دەبن.

سەركەوتنی پرۆسەكە و گەڕانەوەی دەنگی نەخۆشەكە:
نەشتەرگەرییەكە بە سەركەوتوویی لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ د.هاوبیر عادل و د.شكار نەوزاد بەهاوبەشی پزیشكانی بێهۆشكاری و كارمەندانی بەشی نەشتەرگەری ئەنجامدرا و ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی نەشتەرگەرییەكە، نیشانە ئەرێنییەكان دەركەوتن و دەنگی گڕی نەخۆشەكە بە تەواوی گۆڕا و توانای قسەكردنی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:09:30/06/2026