ڕۆژی جیهانی بێهۆشكاران


" تەندروستی"

ڕۆژی 16ی تشرینی یەكەم بەڕۆژی جیهانی بێهۆشكاران دانراوە بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆڵی گرنگی پزیشكانی بێهۆشكاریی و كارمەندانی بێهشۆشكاریی لەكەرتی تەندروستی ، كەتوێژێكی گرنگن بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگا و ئەركی سەرشانیان دڵسۆزانە جێبەجێ‌ دەكەن لەناو هۆڵەكانی نەشتەرگەری و چاودێری وورد.

مێژووی ڕۆژی جیهانی بێهۆشكاران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1846) كاتێك یەكەم نەشتەرگەری سەركەووتوو ئەنجام درا لەڕێگەی بێهۆشكاریی لە ئەمریكا، ئەم ڕۆژە وەك هەلێكی گرنگ وایە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی گرنگی بێهۆشكاریی لەپرۆسەی نەشتەرگەری و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و ڕێزگرتن لەو بەرەوپێشچوون و داهێنانەی لەبواری بێهۆشكاریی ئەنجام دراوە.

ڕۆژی جیهانی بێهۆشكاران دیاری كراوە بۆ ڕێزگرتن لە دكتۆر ویلیام تۆمس گرین مۆرتۆن كە بۆیەكەمجار لەڕۆژی 16ی تشرینی یەكەمی ساڵی (1846) گازی ئیسەری بەكارهێنا وەك ئامرازێكی بێهۆشكاریی لەئەنجامدانی نەشتەرگەرییەك و پرۆسەكە بەسەركەوتوویی لەنەخۆشخانەی ماساچوستس لەشاری بۆستن ئەنجام درا و ئەوە بووە سەرەتایەك بۆ دروستبوونی بێهۆشكاریی لەكاتی نەشتەرگەری.

لەڕۆژی جیهانی بێهۆشكاران تیشك دەخرێتەسەر گرنگی بێهۆشكاریی كە شێوازێكی زۆر پارێزراو و چالاكە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و لەلایەن پزیشكانی بێهۆشكاریی و كارمەندانی بێهۆشكاریی ئەنجام دەدرێت بۆ بێ هۆشكردنی نەخۆش و نەهێشتنی ئازار لەكاتی نەشتەرگەری و دواتر بەئاگاهاتنەوەی.

لەڕۆژی جیهانی بێهۆشكاران چەندین چالاكی و كۆنفرانسی زانستی لەسەرتاسەری جیهان بەڕێوەدەچێت لەبارەی دواین بەرەوپێشچوونەكانی بواری بێهۆشكاریی، لەگەڵ هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لەبارەی گرنگی بێهۆشكاریی لەڕزگاركردنی ژیانی خەڵكی و باشتركردنی كوالیتی چاودێری تەندروستی.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی





ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:08:16/10/2024