چەند ئامۆژگاریەك بۆ ڕزگاربوون لەبەرزەپەستانی خوێن


" تەندروستی"

بەرزەپەستانی خوێن بەیەكێك لەو كێشە تەندروستیانە دادەنرێت كە ڕووبەڕووی زۆرێك لەمرۆڤەكان دەبێتەوە لەسەرتاسەری جیهان بەهۆی كۆمەڵێك هۆكاری جیاجیاوە.
بەرزەپەستانی خوێن بریتیە لەزیادبوونی هاتوچۆی خوێن لەنێو دەمارەكان بەشێوەیەكی ناسروشتی و ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی تەندروستی وەك نەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان و پەككەوتنی گورچیلە و جەڵتەی مێشك.

پسۆڕان كۆمەڵێك ئامۆژگاری بەسوود دەخەنەڕوو بۆ ڕزگاربوون لەبەرزەپەستانی خوێن، ئەوانیش:

* كەمكردنەوەی كێش: پەیوەندی پتەو هەیە لەنێوان قەڵەوی و بەرزەپەستانی خوێن و كەمكردنەوەی كێش رێگایەكی چالاكە بۆ كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن.

* بەردەوامی چالاكی جەستە: ئەنجامدانی ڕاهێنان و وەرزشكردن بەشێوەی رێكخراو وەك پاسكیل لێخوڕین و رۆیشتن و ڕاكردن دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.

* كەمكردنەوەی خوێ : زیادەڕەوی لەبەكارهێنانی خوێ دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی بەرزەپەستانی خوێن و نەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان.

* وازهێنان لەجگەرەكێشان : كەسانی جگەرەكێش زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزەپەستانی خوێن و نەخۆشیەكانی دڵ زیاترە ، ئەگەر كەسێك پەستانی خوێنی بەرزبوو دەبێت واز لەجگەرەكێشان بهێنێت بۆ كەمكردنەوەی مەترسی.

* سیستمی خۆراكی تەندروست: گرتنەبەری سیستمێكی تەندروستی خۆراك كە دەوڵەمەند بێت بە دانەوێڵە و  میوە و سەوزە و بەروبومی شیرەمەنی و كەمكردنەوەی خۆراكی پڕ لەچەوی تێر و كۆلیسترۆل دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.

* كەمكردنەوەی فشاری دەروونی: كەمكردنەوەی فشاری دەروونی و ئەنجامدانی یۆگا و ڕاهێنانەكانی پشوودان بەسوودە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن.

* كەمكردنەوەی كافایین : خواردنەوەی زیاتر لەچوار كوپ قاوە لەرۆژێكدا دەبێتە هۆی زیادبوونی پەستانی خوێن.
* كەمكردنەوەی خواردنی شیرینی: كەمكردنەوەی بەكارهێنانی شیرینی و خواردنەوە شیرینەكان بەشێوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.

* خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بەپۆتاسیۆم: ئەو جۆرە خۆراكە وەك مۆز كاریگەری دەبێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری سۆدیۆم لە لەش و كۆنترۆڵبوونی پەستانی خوێن.

راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:00:23/05/2023