ڕۆژی 12ی ئایار ڕۆژی جیهانی پەرستاران
" تەندروستی"
ڕۆژی 12ی ئایار وەك ڕۆژی جیهانی پەرستاران دیاری كراوە وەك ڕێزلێنان لە كاری پەرستاران لە ناوەندە تەندروستییەكان لە سەرتاسەری جیهان و ئەو ڕۆڵەی هەیانە لەپێناو ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی ئەو خزمەتەی پێشكەشی كۆمەڵگای دەكەن.
لە ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ڕێوڕەسمی تایبەت و چالاكی بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت بۆ تیشك خستنەسەر مافی پەرستاران لە هەردوو ڕەگەز و دووپاتكردنەوەی ڕۆڵی گرنگیان و ڕێزگرتن لە ئەرك و ماندووبوونی پەرستاران و ئەو خزمەتە بەرچاوەی پێشكەشی كۆمەڵگای دەكەن.
پەرستاریی بریتیە لە هونەر و زانست و مرۆڤایەتی و خزمەتكردنی كۆمەڵگا لەڕێگەی چارەسەركردن و ڕزگاركردنی ژیانی مرۆڤەكان و ڕێگرتن لەپەرەسەندنی دۆخی نەخۆشەكان.
ڕۆژی جیهانی پەرستاران بەڕەسمی ساڵی 1974 لەلایەن ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پەرستاران دیاری كراوە لە ڕۆژی لەدایكبوونی خانمە پەرستار فلۆرەنس نایتینگڵ، كە لە ڕێكەوتی 12ی ئایاری ساڵی 1820 لەدایكبووە و بە دامەزرێنەر و دۆزەرەوەی پەرستاری مۆدێرن دادەنرێت.
خانمە پەرستار فلۆرەنس نایتنگڵ چالاكوانی كۆمەڵایەتی و دامەزرێنەری پەرستاری مۆدێرن بووە و بەردەوام هاوكاری بریندارانی شەڕی كردووە و زیاتر بەوە بەناوبانگ بوو وەك ڕاهێنەر كاری كردووە بۆ ڕاهێنانی پەرستاران بۆ زیاتر یارمەتیدانی كەسانی نەخۆش و برینداران لەجەنگی جیهانی دووەم.
فلۆرەنس نایتینگڵ خانمە پەرستاری بەریتانی بە دامەزرێنەری پەرستاری مۆدێرن دادەنرێت و گرنگی داوە بە پاكوخاوێنی و بنەماكانی پاكژكردنەوە و بە یەكەم كەس دادەنرێت بنەماكانی فێربوونی پەرستاری مۆدێرنی داناوە و بووەتە پاڵەوانێكی نیشتمانی بەهۆی خزمەتەكانی لە چارەسەركردنی بریندارانی شەڕ.
وەك وەفایەك بۆ كار و دڵسۆزیەكەی و دوای 64 ساڵ لە كۆچی دوایی، ڕۆژی لەدایكبوونی ئەو پەرستارە كرایە ڕۆژی جیهانی پەرستاران و لەو كاتەوە تائێستا بەردەوام یادی دەكرێتەوە وەك ڕێزگرتن لە كار و ماندووبوونی ئەو خانمە پەرستارە و سەرجەم پەرستارانی دڵسۆز و ماندوونەناس لە ناوەندە تەندروستییەكان.
ئامانجەكانی ڕۆژی جیهانی پەرستاران بریتیە لە هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی توانای پەرستاران و ئایندەیەكی باشتر بۆ ئەو توێژە و گۆڕانكاریی لە دیدگای چاودێری تەندروستی لەگەڵ دابینكردنی ماف و پارێزگاری زیاتر بۆ پەرستاران و ئەو كەسانەی لە كەرتی تەندروستی كاردەكەن.
راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 24
جار خوێنراوهتهوه
AM:10:44:12/05/2026