هەشتی ئایار ڕۆژی جیهانی تالاسیما
" تەندروستی "
ئەم ڕۆژە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وەك ڕۆژی جیهانی تالاسیما دیاری كراوە لەپێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەو نەخۆشیە بۆماوەییە و دابینكردنی چاودێری تەندروستی بۆ سەرجەم تووشبووان كە تێدەكۆشن لەپێناو ژیانێكی باشتر و یارمەتیدانیان بۆئەوەی ژیانێكی سروشتی بژین.
تالاسیما چیە؟
- تالاسیما یەكێكە لە نەخۆشیە بۆماوەییەكانی خوێن كە كەسی تووشبوو توانای دروستكردنی ئاسایی خوێن لەدەست دەدات و بە درێژایی ژیانی پێویستی بە وەرگرتنی خوێن هەیە.
نەخۆشی تالاسیما بریتیە لە تێكچوونێكی بۆماوەیی لە خانەكانی خوێن و دابەزینی ئاستی هیمۆگڵۆبین و كەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن لە ئاستی سروشتی خۆی و ئەو نەخۆشیە بۆماوەییە و لەباوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەكانی.
گواستنەوەی تالاسیما:
- تالاسیما لەڕێگەی بۆهێڵەكان لەباوانی هەڵگرەوە دەگوزارێتەوە واتە ئەو باوانانەی هەڵگری نەخۆشیەكەن، ئەوە تەنیا هۆكارە بۆ تووشبوون بە تالاسیما.
بۆدڵنیابوون دەبێت پێش هاوسەرگیری پشكنینی (HB electrophoresis) تایبەت بە تالاسیما ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی خێزانەكان دووربن لە خستنەوەی منداڵی تووشبوو بە تالاسیما.
جۆرەكانی تالاسیما و نیشانەكانی:
- ئەو نەخۆشیە پۆلین دەكرێت بۆ دوو جۆر ئەوانیش تالاسیمای بچووك و تالاسیمای قورس.
نیشانەكانی ئەو نەخۆشیە و جۆرەكەی و ئاستەكەی جیاوازە و هەندێك منداڵ نیشانەكانی تووشبوونیان لەكاتی لەدایكبوونەوە لەسەر دەردەكەوێت، لەكاتێكدا هەندێكی دیكە لە تەمەنی دوو ساڵی نیشانەكانی تێدا دەردەكەوێت.
نیشانەكانی تالاسیما بریتیە لە لاوازی و پێستی زەرد و تێكچوونی ئێسكی دەموچاو و گەشەی كەم و هەڵاوسانی وورگ و میزی تۆخ.
چارەسەری تالاسیما:
* تالاسیما وەك نەخۆشی شەكرە وایە و بە تەواوی چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەكرێت بە شێوەیەكی چالاك كۆنترۆڵ بكرێت، لە حاڵەتە قورسەكانی تالاسیما كەسی تووشبوو پێویستی بە وەرگرتنی خوێن دەبێت.
پێش هاوسەرگیری و لەدایكبوونی منداڵ پشكنینی پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ ڕێگرتن لە تالاسیما و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست لە قۆناغێكی پێشوەختە، چونكە تووشبووی تالاسیما بڕێكی كەمتری هیمۆگڵۆبینی هەیە و ئەوەش وادەكات ژیانی زۆر قورس بێت و بەردەوام پێویستی بە وەرگرتنی خوێن دەبێت و هەندێك توشبوو پێویستیان بەوەیە دوو هەفتە جارێك خوێن وەربگرن.
ئامارەكانی تالاسیما لە جیهان:
-بەپێی دواین ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە 7%ی دانیشتوانی جیهان هەڵگری نەخۆشی تالاسیمان و لە هەر هەزار منداڵێك كە لەدایك دەبن لە 2.7%یان توشی تالاسیما دەبن، زۆرینەی ئەو كەسانەی بە تالاسیماوە لەدایك دەبن بەهۆی نەخۆشیەكەوە گیان لەدەست دەدەن.
ڕێنمایی بۆ تووشبووانی تالاسیما:
* زۆر گرنگە تووشبووانی تالاسیما پارێزگاری بكەن لە سیستمێكی خۆراكی تەندروست و هەندێك لەو تووشبووانە ڕێژەی ئاسن لە لەشیان بەرزە و مەترسی تێكچوونی دڵ و جگەریان لێدەكرێت، بۆیە پێویستە لەگەڵ وەرگرتنی خوێن چارەسەری ئاسن لەژێر ڕێنمایی پزیشك وەربگرن.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 40
جار خوێنراوهتهوه
PM:10:49:07/05/2026