هەندێكجار دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان مەترسیدارە
" تەندروستی"
یەكێك لەو نەخۆشیانەی لەئێستادا لەناو ژنان باوە بریتیە لە دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان و لەسەر بۆری هێلكەدان یاخود دەرەوەی هێلكەدان، ئەوە هەندێك كات حاڵەتێكی مەترسیدارە و دایكەكە بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
د.تاڤان فاتیح پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون بۆ سایتی" تەندروستی" باسی لە حاڵەتی دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان كرد و وتی: هەندێك كات دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان حاڵەتێكی مەترسیدارە و پێویستە دایكان ئاگاداری خۆیان بن.
ئەو پزیشكە دەڵێت: دروستبوونی مناڵ لە دەرەوەی مناڵان هەندێك كات حاڵەتێكی مەترسیدارە و دایكەكە بەهۆی نەزانینییەوە یان پشتگوێ خستنیەوە لە مردن دەگەڕێتەوە و تووشی خوێنبەربوونی ناوسك و شۆك و كەمبوونەوەی خوێن و پەستانی خوێن دەبن.
د.تاڤان فاتیح ئاماژەی بەوەكرد دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان سێ جۆری هەیە و جۆرێكیان ئەوەیە دایكەكە پچڕپچڕ خوێنی دەبێت و دوای پشت ڕاستكردنەوەی گومانی دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان لەژێر چاودێری تەندروستی دەمێنێتەوە.
وتیشی: جۆرێكی دیكە ئەوەیە دایكەكە ئازاری ناوسك و میزەڵدانی هەیە و سوڕی مانگانانەی دواكەوتووە و كەمخوێنی هەیە و هەست دەكات دووگیان بێت، لەدوای پشكنین دەردەكەوێت منداڵەكەی لەدەرەوەی مناڵان دروست بووە، جۆری سێیەم ئەوەیە دایكەكە بە حاڵەتی مەترسیدار و هیلاكی دێت بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی نەزانینییەوە خوێنێكی زۆر لەناوسكی كۆدەبێتەوە و تووشی ئازارێكی زۆر و تەنگەنەفەسی دەبێت، هەندێك كات بەداخەوە ناتوانن ڕزگاری بكەن.
د.تاڤان فاتیح ڕایگەیاند: چارەسەری دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان ئەوەیە هەندێك جار ئەو منداڵەی دروست بووە بە تێپەڕبوونی كات دەپوكێتەوە و نامێنێت، جۆری دووەم لەڕێگەی دەرمان و دەرزی كیمیایی میزۆترەیكسەید چارەسەر دەكرێت ئەگەر گرێكە بچووك بێت و ڕێژەی خوێنەكە زۆر بەرز نەبووبێتەوە.
ئەو پزیشكە باسی لەوەشكرد جۆری سێیەمی چارەسەری دروستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵان بریتیە لە نەشتەرگەری و ئەگەر دایكەكە تووشی شۆك بێت، دەبێت بەڕێگای كردنەوە نەشتەرگەری بۆ بكرێت و ئەگەر خوێن لەناو سكی كۆبوبێتەوە و ئازاری زۆر بێت و گرێكەی گەورە بێت ئەوا بە ڕێگای نازوور چارەسەری بۆ دەكرێت.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 448
جار خوێنراوهتهوه
AM:11:27:23/04/2026