ڕۆژی 4ی شوبات ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە


" تەندروستی"

ڕۆژی 4ی شوبات وەك ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە دیاری كراوە لەپێناو بەرزكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مەترسییەكانی ئەو نەخۆشیە ، بەتایبەت كە شێرپەنجە بە گەورەترین گرفتی تەندروستی دادەنرێت كە ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە و بە دریارترین هۆكاری گیان لەدەستدان لەسەرتاسەری جیهان دادەنرێت.

ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە بە بیرهێنانەوەیە بۆئەوەی شێرپەنجە كاریگەری گەورەی دروست كردووە ، لەم ڕۆژەدا ناوەندە تەندروستیەكان و دامەزراوەكان و كۆمەڵگاكان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی ئەو نەخۆشیە مەترسیدارە و هانی خۆپاراستن و پشكنینی پێشوەختە دەدرێت.

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە ئاماژەیە لەسەر ئەوەی سەرباری ئەوەی شێرپەنجە بە ئاڵنگارییەكی جیهانی دادەنرێت ، بەڵام هۆشیاری و خۆپاراستن و پشكنینی پێشوەختە و چارەسەری تووشبووان توانای گۆڕانكاریی لە ئەنجامەكان و ژیانی تووشبووەكاندا هەیە ، كە هەر تووشبوویەك ئەزموونێكی جیاوازی هەیە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاردەكرێت بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجە و بەهێزكردنی پشكنینی پێشوەختە و چارەسەركردن لەكاتی گونجاو لەگەڵ هاندان بۆ خۆپاراستن لەڕێگەی گرتنەبەری شێوازێكی تەندروستی ژیانكردن و پشتیوانی كردنی تووشبووان و ناوەندە تەندروستیەكان.

خۆپارێزی لە هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە ناكرێت ، بەڵام دەكرێت هۆكارەكانی تووشبوون كەمبكرێتەوە و دەكرێت كەسەكان خۆیان بپارێزن لە تووشبوون بە نزیكەی لە 40%ی حاڵەتەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە و خۆپاراستن و پشكنینی پێشوەختە ژیانی كەسەكان ڕزگاردەكات.

خۆپاراستن لە شێرپەنجە:
- دابینكردنی ژینگەیەكی تەندروستی خاڵی لە دوكەڵ بۆ منداڵان
- جموجوڵی چالاك و خواردنی خۆراكی تەندروست
- بەكارهێنانی سیستمێكی خۆراكی تەندروستی دەوڵەمەند بە سەوزە و میوەكان
- پارێزگاری لە كێشی تەندروست و دووركەوتنەوە لە قەڵەویی
- دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان بەهەموو جۆرەكانیەوە
- دانانی سنوورێك بۆ خواردنەوە كهولییەكان
- پاراستنی پێست لە بەركەوتنی لەڕادەبەدەری تیشكی خۆر

رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە پشتی بەستووە بە ستراتیژی خۆپاراستن ، دەكرێت زۆرێك لە جۆرەكانی شێرپەنجە لە ڕێگەی پشكنینی پێشوەختە لە قۆناغەكانی سەرەتادا دەست نیشان بكرێت و بەوەش پرۆسەی چارەسەركردن ئاسان دەكات و باشبوونەوەی باشتر دەڕەخسێنێت.

هەڵمەتی هۆشیاری لە شێرپەنجە یارمەتی كەسەكان دەدات بۆ تێگەیشتن لە:
* نیشانە پێشوەختەكانی شێرپەنجە
* گرنگی پشكنینی پزیشكی
* گرنگی پشكنینەكان وەك مامۆگرافی مەمك و پشكنینی كۆڵۆن و ڕەحمی ئافرەتان
* ڕۆڵی بژاردەكانی شێوازی ژیان لە خۆپاراستن لە شێرپەنجە

بەپێی داتاكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لە 37%ی حاڵەتە تووشبووە نوێیەكانی شێرپەنجە لە ساڵی  2022دا كە دەكاتە یەك ملیۆن و 700 ملیۆن تووشبووی نوێ پەیوەست بوون بەو هۆكارانەی دەكرا بە خۆپاراستن ڕێگری لێ بكرایە.

نیشانە باوەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە:
ـ لەدەستدانی كێش بەشێوەیەكی نائاسایی
ـ هەستكردن بە هیلاكی بەردەوام و لاوازیی
ـ دروستبوونی تەنی ڕەق یاخود شینبوونەوە كە لاناچێت
ـ گۆڕانكاریی لە ڕەنگی پێست و خاڵەكانی سەر جەستە
ـ ئاستەنگی لە قووتدان و كۆكەی بەردەوام
ـ خوێنبەربوون و بوونی دەردراوەی نائاسایی

ئاشنابوون بە نیشانە پێشوەختەكانی شێرپەنجە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە و هێنانەدی ئەنجامێكی باشتر ، بۆیە پێویستە لەكاتی دەركەوتنی یەكێك لەم نیشانانە بە زووترین كات سەردانی پزیشك بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

سەرباری پێشكەوتنی بواری پزیشكی، بەڵام تائێستا شێرپەنجە بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی گیان لەدەستدان لەسەرتاسەری جیهان دادەنرێت ، هەربۆیە هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجە ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لە ڕزگاركردنی ژیانی كەسەكان و دانانی سنوورێك بۆ ئەو گرفت و بارگرانیەی شێرپەنجە دروستی كردووە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:57:04/02/2026