ڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر
" تەندروستی"
هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر نەخۆشییەكی باوی كوشندە و مەترسیداری ناو كۆمەڵگایە و بەكوشندە بێدەنگەكە دەناسرێت، كەبەشێك لەهاوڵاتیان لەسەرتاسەری جیهانەوە گیرۆدەی دەستی ئەم نەخۆشیەن و بەدووەم هۆكاری گیان لەدەستدان دادەنرێت لە جیهاندا.
رۆژی 28ی تەموز بەڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر دانراوە كەڕۆژی لەدایكبوونی زانای ئەمریكی د.باری بلومبێرگە لەساڵی 1925 و ناوبراو هەوكردنی ڤایروسی جگەری جۆری بی دۆزییەوە و و دواتر ڤاكسینێكی دۆزییەوە و بەهۆیەوە لەساڵی 1976 خەڵاتی نۆبڵی لەزانستی پزیشكی پێبەخشرا.
لەمساڵدا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هانی گرتنەبەری هەنگاوی دەستبەجێ دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم خۆپارێزی و چارەسەری هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر، ساڵی 2025 لەژێر دروشمی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر هەنگاوی بەردەوام بۆ بنبڕكردنی یادی ڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر دەكرێتەوە.
لەڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایروسی جگەر چەندین چالاكی لەسەرتاسەری جیهان بەرێوەدەچێت بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی ئەم نەخۆشیە مەترسیدارە، كەگواستنەوەی ئەم نەخۆشیە لەڕێگەی بەركەوتنی خوێن و شلەدەردراوەكانی لەش دەگوزارێتەوە، هەروەها لەرێگەی دایكانی دووگیان بۆ كۆرپەكەی دەگوازرێتەوە.
بەپێی داتاكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەئێستادا نزیكەی 254 ملیۆن تووشبووی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر لەجۆری بی و 50 ملیۆن تووشبووی جۆری سی لەجیهاندا هەیە.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن و 300 هەزار كەس بەهۆی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر گیان لەدەست دەدەن لەجیهان كە دەكاتە نزیكەی 3500 گیان لەدەستدان لەڕۆژێكدا، لەو ڕێژەیە 83% یان بەهۆی هەوكردنی جۆری بی و 17% یان بەهۆی هەوكردنی جگەری جۆری سی وەیە.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتیدەكاتەوە ڕێگەی چالاك هەیە بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر لەجۆرەكانی بی و سی و دەتوانرێت چارەسەری ئەو نەخۆشیە بكرێت و بەتەواویی كەسی تووشبوو چاك ببێتەوە، بەڵام هێشتا تووشبوون بەردەوامە بەتایبەت لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە وڵاتان و بەرپرسان دەكات پلانی ستراتیژی دابڕێژن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر و جەخت دەكاتەوە لە پێویستی زیادكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكانی وەك هەڵمەتی كوتان و پشكنینی پێشوەختە لەپێناو هێنانەدی ئامانجی بنبڕكردنی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر تاوەكو ساڵی 2030.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 100
جار خوێنراوهتهوه
AM:10:21:28/07/2025