ڕۆژی جیهانی تەندروستی 7ی نیسان


" تەندروستی"

هەموو ساڵێك لە 7ی نیسان یادی رۆژی جیهانی تەندروستی دەكرێتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی دامەزراندنی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەساڵی 1948، ئەم یادە دەبێتە هاندەرێك بۆ كاركردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ڕوبەڕووی كەرتی تەندروستی دەبێتەوە.

لەساڵی 1950دا رۆژی 7ی نیسان دیاری كرا وەك ڕۆژی جیهانی تەندروستی و هەموو سالێك لەم ڕۆژەدا بابەتێك دیاری دەكرێت بۆئەوەی بكرێتە دروشمی رۆژی جیهانی تەندروستی لەپێناو گرنگیدان بەو بوارانەی دەبنە جێی نیگەرانی و دەبنە كاری لەپێشینە لەلای رێكخراوی تەندروستی جیهانی.

رۆژی جیهانی تەندروستی هەڵمەتێكی نێودەوڵەتیە و هانی هەمووان و سەركردەكانی جیهان دەدرێت زیاتر گرنگی بدەن بەو ئاڵنگاریانەی بواری تەندروستی كە كاریگەرییەكی گەورەیان هەیە.

لەساڵی 1948 وڵاتانی جیهانی كۆبونەوە و رێكخراوی تەندروستی جیهانیان دامەزراند لەپێناو پتەوكردنی تەندروستی و پارێزگاری لەسەلامەتی جیهان و خزمەتكردنی توێژە لاوازەكان، بۆئەوەی هەمووان لەهەموو شوێنێك بگەنە باڵاترین ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و خۆشگوزەرانی.

ئاهەنگێڕان و یادكردنەوەی دامەزراندنی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەبێتە هەلێك بۆ چاوخشاندنەوە بەڕابردوو و ئەو سەركەوتن و دەستكەتانەی لەبواری تەندروستی بەدەست هاتوون و بونەتە هۆكاری باشتربوونی شێوازی ژیان لەحەوت دەیەی ڕابردوو.

لەرۆژی جیهانی تەندروستیدا، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی باس لەپێویستی گرنگیدانی جیهان دەكات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنە بەپەلە پێویستەكان لەپێناو پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و هەسارەی زەوی و كاركردن لەپێناو پرەنسیپەكانی كۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی.

لەهەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی ساڵانە یادی رۆژی جیهانی تەندروستی دەكرێتەوە و چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە بەرێوەدەچێت، هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان رێكدەخرێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:35:07/04/2025