یەكی كانونی یەكەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز
" تەندروستی"
ڕۆژی یەكی كانونی یەكەم بەڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز دادەنرێت، لەم ڕۆژەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەسەرتاسەی جیهان بەڕێوەدەچێت بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لەمەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە ترسناكە.
دیاریكردنی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و نەتەوەیەكگرتوەكانە بۆ كۆتایی هێنان بەم نەخۆشیە تاوەكو ساڵی 2030، بەوپێیەی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر تەندروستی گشتی دادەنرێت.
ڕۆژی جیهانی ئایدز بۆ یەكەمجار لە ڕۆژی یەكی كانونی یەكەمی ساڵی 1988 دیاری كرا، بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی لە90%ی هەڵگرانی ڤایرۆسی ئایدز نازانن تووشبوون بەهۆی ئەنجام نەدانی پشكنینی پێویست و سەردان نەكردنی پزیشك بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكەیان.
ئایدز بەهۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی دروست دەبێت و دەبێتە هۆی دابەزینی هێزی كۆئەندامی بەرگری لەش، بەهۆی تێكشكاندنی سیستمی بەرگرییەوە كەسی تووشبوو توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەكتریا و نەخۆشیەكانی نامێنێت.
دیاریكردنی یەكی كانونی یەكەم بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز لەسەر بڕیاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بوو بۆ دانانی رۆژێكی جیهانی بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لەڕێگاكانی گواستنەوەی.
هۆكارێكی دیكەی دیاریكردنی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز بۆ مامەڵەكردنی تەندروستە لەگەڵ ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی ئایدز ئێچ ئای ڤی بوون، چونكە ئەم نەخۆشیە بە مەترسیدار دادەنرێت و ڕێژەی تووشبوونی بەرزە بەتایبەت لەوڵاتانی تازە گەشەسەندوو.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی تائێستا بەهۆی ئایدزەوە زیاتر لە 40 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، ئەو ناوچانەی زۆرترین تووشبووی ئەم نەخۆشیەی تێدایە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەساڵێكدا 630 هەزار كەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
AM:10:34:01/12/2024