بەشی چاندنەوەی ددان لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری


" تەندروستی"

ئەم بەشە لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری لەڕێكەوتی 20/4/2007 كراوەتەوە و ڕۆژانە ژمارەیەك پزیشكی پسپۆڕ لەم بەشە كاردەكەن و لەكاتژمێر 9 بەیانی تاوەكو 12ی نیوەرۆ پێشوازی لە چارەخوازان دەكرێت و خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكرێت.

ڕۆژانە نەخۆش سەردانی ئەم بەشە دەكەن و چانددنی ددانیان بۆ دەكرێت لەڕێگەی بەنجی ناوچەیی یان بەنجی گشتی بێت، نەخۆش لەسەرەتای سەردانەكەی هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت بۆئەوەی بزانرێت پێویستی بەتیشكی ددانی دوو ڕەهەندی یاخود سێ ڕەهەندی هەیە و پاش ئەوە چاندنی ددانی بۆ دەكرێت.

ئەو نەخۆشانەی سەردانی بەشی چاندنەوەی ددان لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری دەكەن ڕێكەوتی سەردان كردنەوەیان بۆ دیاری دەكرێت و پاش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت لە ڕووی جەستەیی و لەڕووی بوونی ئێسك و نەبوونی ئێسك، پاشان بڕیار دەدرێت كەی سەردان بكاتەوە و چاندنەكەی بۆ بكرێت.

د.هاوبەش عوسمان محەمەد پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری شەویلگە و ڕوو لەبەشی چاندنەوەی ددان لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری ڕایگەیاند بەشەكەیان كە لەساڵی 2007 كراوەتەوە، دەتوانن بڵێن لەهەموو ناوچەكە یەكەم بەشی لەو جۆرە بووە لەنەخۆشخانەیەكی حكومی بكرێتەوە و چاندنی ددانی تێدا بكرێت.

ئەو پزیشكە دەڵێت چاندنی ددان لەبەشەكەیان بە دوو جۆر دەكرێت یەكەمیان جۆری خێرایە و دووەمیان جۆری خاوە، ئەوان هەردوو جۆرەكە ئەنجام دەدەن و چاندنی خاو باشترە كە چاندنەكە بۆ نەخۆش دەكرێت 3 مانگ چاوەڕوان دەكرێت چاندنەكە لەناو ئێسكەكە جێگیربێت و پاش دڵنیابوونەوە دەست دەكرێت بە دروستكردنی ددانەكە.

وتیشی زۆربەی نەخۆشەكان چاندنی ددانیان بۆ دەكرێت تەنیا هەندێك نەخۆش نەبێت، ئەو كەسانەشی نەخۆشی بەرزەپەستانی خوێن و شەكرەیان هەیە، ڕەوانەی پزیشكی هەناویی دەكرێن و بەرزەپەستان و شەكرەكەیان بۆ كۆنتڕۆڵ دەكرێن، پاشان چاندنی ددانیان بۆ دەكرێت.

د.هاوبەش عوسمان ئاماژەی بەوەكرد ئەو كەسانەی چاندنی ددانیان بۆ دەكرێت لەسەرو تەمەنی 18ساڵیەوەن و چەند حاڵەتێكی تایبەت نەبێت،  لەخوار ئەو تەمەنەوە چاندنی ددانیان بۆ ناكرێت، بەهۆی ئەوەی گەشەی دەم و چاویان ئەگۆڕێت و چاندنی ددانەكە شێوەكەی دەگۆڕێت و دروست كردنی ددان ئاڵۆز دەبێت.

هەموو نەخۆشێك پێش ئەوەی چاندنی ددانی بۆ بكرێت لەبەشی چاندنەوەی ددان لەنەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری، دەبێت پشكنینی ڤایرۆسی ئەنجام بدات بۆ ڕێگرتن لەگواستنەوەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر بۆ كەسانی تر.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی












ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:39:30/09/2024