ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان


" تەندروستی"

ڕۆژی 26ی حوەزیران بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانی كردنی نایاسایی بەو جۆرە ماددانە دیاری كراوە، هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا جیهان ئەو یادە دەكاتەوە بۆ پتەوكردنی كاركردن و هاریكاری لەهێنانەدی ئامانجە گشتیەكانی جیهانێكی خاڵیی لە ماددەی هۆشبەر.

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە 7ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1987 لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان دیاری كرا وەك ڕۆژێكی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر كە بەئافاتی سەردەم دادەنرێت.

ئامانجی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە لەمەترسییەكانی بەكارهێنانی ئەو جۆرە ماددە مەترسیدارانە لەسەرتاسەری جیهان.

ماددە هۆشبەرەكان پێك دێت لە كۆمەڵێك ماددەی سروشتی یا دەستكردی دروستكراو لەڕووەك یان ماددەی كیمیایی و دەبنە هۆی ئالوودەبوون، بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و دەرەنجامی كارلێكردن، كاریگەری خراپ لەسەر هۆش و دەروون و جەستەی كەسی بەكارهێنەر دروست دەكات.

ئالوودەبوون دەبێتە هۆی بردنی كۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر ئەگەر سنوورێكی بۆ دانەنرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەنگاو و رێوشوێنی پێویست نەگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە، كە بەم دواییە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە.

كێشەی ماددەی هۆشبەر بوەتە كێشەیەكی نێودەوڵەتی و پەیوەندی بە ژیانی بەملیۆنەها هاوڵاتی هەیە لەسەرتاسەری جیهان ئەو كەسانەی ئەو جۆرە ماددەیە بەكاردەهێنن لەگەڵ دەرەنجامەكانی بازرگانی كردن پێوەی.

كاریگەری ماددەی هۆشبەر دورمەودا و ئاڵۆزە و زۆر پێویستە بەشێوەیەكی زانستی بەرەنگاری ببێتەوە و كاری لەپێشینە بكرێتە خۆپاراستن و چارەسەر.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:13:26/06/2024