د.لوقمان خالید: تۆماركردنی تالاسیما بەرەو كەمبوونەوە دەچێت
" تەندروستی"
لە ڕۆژی جیهانی تالاسیما 8ی ئایار، د.لوقمان خالید بەڕێوبەری سەنتەری تالاسیما لە سلێمانی باس لە نەخۆشی تالاسیما و چۆنیەتی خۆپارێزی و چارەسەركردن دەكات و دەڵێت: نەخۆشی تالاسیما نەخۆشییەكی بۆماوەییە و تەنیا لەناو ئەو كەسانەدا هەیە كە هەڵگری نەخۆشیەكەیان تێدایە.
ووتی: ساڵانە لە ڕۆژی جیهانی تالاسیما لە سەرانسەری جیهان چەندین هەڵمەت و چالاكی و سیمینار بۆ تووشبووانی تالاسیما ساز دەكرێت، ئەوانیش هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە بۆ تووشبوان و هاوڵاتیان لەو نەخۆشییە ئەنجام دەدەن و هۆكار و ڕێككارەكانیان بۆ ڕووندەكەنەوە.
وتیشی: هۆكار بۆ تووشبون بەم نەخۆشییە بۆماوەییە و كاتێك ڕوودەدات دوو كەس هەڵگری تالاسیما بن و هاوسەرگیری بكەن، لەكاتی هەموو دووگیانبوونێكی دایكەكە لە%25 ئەگەری هەیە منداڵەكە تووشی تالاسیمای قورس بێت و لە 50% ئەگەری هێشتنەوە یان هەڵگری نەخۆشیەكەی تێدا دەبێت، هەندێكجار ئەگەر هەیە لە 25% كەسەكە هەڵگری نەخۆشیەكە نەبێت و كەسێكی ئاسایی بێت.
د.لوقمان خالید ڕایگەیاند: ڕێككاری خۆپاراستن لە نەخۆشی تالاسیما زۆر ئاسانە ئەویش ئەوەیە هاوسەرگیری لەنێوان دوو كەسی تووشبووی نەخۆشیەكە ڕوونەدات كە هەردووكیان هەڵگری نەخۆشیەكە بن، ساڵانە حاڵەتێك یان دوو حاڵەتی تالاسیما تۆماردەكرێت و خۆشبەختانە نەخۆشیەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و ئەوە ئەنجامێكی ئەرێنی و دڵخۆشككەرە.
بەڕێوبەری سەنتەری تالاسیما لە سلێمانی باسی لەوەكرد لە سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە 1300 تووشبووی تالاسیما تۆماركراون كەسەردانی سەنتەرەكەیان دەكەن و ساڵ بە ساڵ خۆشبەختانە ڕێژەی تووشبوون لە كەمبوونەوەدایە و ئەوە دەگەرێتەوە بۆ پشكنینی پێشووەختەی نەخۆشیەكە پێش هاوسەرگیری.
ڕوونیكردەوە: كلینكێكی تایبەتیان هەیە بۆ ئەو كەسانەی خوازیاری هاوسەرگیرین و هەڵگری نەخۆشییەكەن و ئەگەری خستنەوەی نەوەیان هەیە هەڵگری تالاسیما بن، ئەوان ڕێنمایی تایبەتیان پێ ڕادەگەیەنن و رێككارە تەندروستییەكانیان بۆ ڕووندەكەنەوە كە چۆن بتوانن خۆپارێزی بكەن لە نەخۆشیەكە و تەواو ڕێگربن نەوەیەكی تووشبوی بە تالاسیمایان نەبێت.
د.لوقمان خالید دەڵێت: ئەنجامدانی پشكنینی پێش لە دایكبوونی كۆرپەلە بۆ ئەو كەسانەی هاوسەرگیرییان كردووە و هەڵگری تالاسیمان یان منداڵێكی تووشبوویان هەیە، ئەوانە هەمووی هۆكاربوون بۆ كەمكردنەوەی تووشبوانی تالاسیما، خۆشبەختانە توانیویانە ژمارەی تووشبوان زۆر كەم بكەنەوە.
بەڕێوبەری سەنتەری تالاسیما لە سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد تووشبووانی تالاسیما توانای دروستكردنی خوێنیان نابێت، بۆیە پێویستە مانگانە بەردەوام جارێك یان دووجار خوێن وەربگرن، بەڵام چارەسەری بنبڕكەر بریتییە لە چاندنی مۆخی ئێسك ، بەڵام چاندنی مۆخی ئێسك گرفتێكە و هەموو نەخۆشێك بەخشەرێكی نیە تا مۆخەكەی پێ ببەخشێت كە پێویستە خوشك یان برای بێت و لەڕووی پشكنینی هاوگونجانی شانەییەوە گونجاو بێت لەگەڵ نەخۆشەكە.
د.لوقمان خالید ڕایدەگەیەنێت: ژمارەیەكی زۆر لەو نەخۆشانەی بەخشەریان هەبووە و چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجام دراوە لە نەخۆشخانەی شەهید شاسوار لە سلێمانی یان لە دەرەوەی وڵات خۆشبەختانە ئاستی سەركەوتنی چاندنی مۆخ زۆر سەركەوتوو بووە و ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆشەكان توانراوە چارەسەری كۆتاییان بۆ بكرێت.
بەڕێوبەری سەنتەری تالاسیما لە سلێمانی ئەوەدەخاتەڕوو ئەگەر تووشبووانی تالاسیما چارەسەری یەكجاری نەكەن ئەوا پێویست دەكات بەردەوام خوێن وەربگرن و لەگەڵ خوێن وەرگرتنەكەدا چارەسەری دژەئاسن وەربگرن كە ئەمانە هەمووی لەناو سەنتەرەكەیان بەردەستە، بەم دوو شێوازە توشبوویەكی تالاسیمیا دەتوانێت جیاوازی لەگەڵ كەسێكی ئاسایی نەبێت بە مەرجێك خوێن بە باشی وەربگرێت.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 12
جار خوێنراوهتهوه
AM:11:21:07/05/2026