د.دانیاڵ سەعدی: چارەسەری نەخۆشی دەروونی بەندە بەجۆری نەخۆشیەكەیەوە


" تەندروستی"

د.دانیاڵ سەعدی حامید مامۆستای زانكۆ و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لەنەخۆشیە دەروونیەكان لەدیدارێكدا لەگەڵ سایتی " تەندروستی " باس لەجۆرەكانی نەخۆشی دەروونی و چارەسەركردن و ئەو نەخۆشانە دەكات كەپێویستیان بەداخڵ بوون هەیە لەنەخۆشخانەی دەروونی.


 تەندروستی: نەخۆشی شیزۆفینیا چیە؟
د.دانیاڵ سەعدی: بەشێوەیەكی گشتی پێیان دەوترێت نەخۆشی تێكچوونی كەسێتی یان نەخۆشی شكستە كەسێتی (شیزۆفینیا) و ئەم نەخۆشیە ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی باسی لێوە بكەین لە1%ی كۆمەڵگا نەخۆشی شیزۆفینیای هەیە و مەرج نیە هەموو نەخۆشەكان پێویستیان بەداخڵ بوون هەبێت لەنەخۆشخانە و چەند حاڵەتێكیان پێویستیان بەداخڵ بوون هەیە، ئەویش ئەو حاڵەتانەن كەزۆر كاریگەری لەخەو و هەڵسوكەوتیان دەكات یان كاریگەری لەبیركردنەوەیان دەكات و وایان لێدەكات بەگومانەوە مامەڵە لەگەڵ چواردەوریان بكەن و بەشێوەیەكی توندوتیژ مامەڵە لەگەڵ چواردەوریان بكەن.

تەندروستی: كام نەخۆشی دەروونی پێویستی بەداخڵ بوون هەیە لەنەخۆشخانە؟
د.دانیاڵ سەعدی: نەخۆشیە دەروونیەكان بەشێوەیەكی گشتی كەداخڵ بوونی دەوێت لەنەخۆشخانە نەخۆشی شیزۆفینیایە و ئەو نەخۆشیانەن كاریگەرییان هەیە لەسەر بیركردنەوە و هەڵسوكەوت و خەو و خواردن و تەنانەت ئەو وێنانەی دروست دەبێت لەمێشكی كەسەكەدا.
جۆری دووەمی نەخۆشی دەروونی كەداخڵ بوونی پێویست دەبێت لەنەخۆشخانە نەخۆشیە هزرییەكانن ئەوەیە كەسەكە خەمۆكی هەیە و لەحاڵەتی خەمۆكیەكەوە تووشی ئەو نەخۆشیە دەبێت یان بەهۆی خواردن و خواردنەوەیەكەوە و بەبۆنەی ماددەیەكی هۆشبەرەوە كەبەكاری هێناوە تووشی ئەو نەخۆشیە دەبێت.
جۆری سێیەم لەنەخۆشیە دەروونیەكان كەداخڵ بوونی پێویستە لەنەخۆشخانە ئەوانەن كەخەمۆكی توندیان هەیە و گەیشتووە بەڕادەیەك و كاریگەرییەكی وای دروستكردووە كەبیر لەخۆكوشتن بكاتەوە و كاریگەری هەیە لەسەر خەو و خواردنی.
جۆری چوارەم لەنەخۆشیە دەروونیەكان كەداخڵ بوونی پێویستە ئەوانەن كەحاڵەتی تۆقینیان تووش دەبێت بەڕادەیەك وایان لێدێت ئیدارە ناكات و جۆرێك لەماخۆلانی پێدەكەوێت، هەروەها تێكچوونی هەڵسوكەوت و واهەست دەكات جەڵدە لێیدەدات و دەمرێت و دەگاتە ڕادەیەك ئەگەر داخڵ نەكرێت ئەوا پشوو و خەو و خواردن لەخۆی و لەچواردەورەكەی تێك دەدات.

د.دانیاڵ سەعدی: جۆریكی تر لەنەخۆشیە دەروونیەكان ئەوانەن كەئالوودەبوون لەسەر خواردنەوەی كحول یان ماددەی هۆشبەر و گەیشتۆتە ڕادەیەك كەنەخۆشەكە خۆی دێت و دەڵێت دەمەوێت ڕزگارم بێت لەو ماددەیە یان ئەو شتەی ڕاهاتووم لەسەری یان زۆرجار كەسوكارەكەی دەیهێنن و داوا دەكەن داخڵ بكرێت لەنەخۆشخانە بۆ ئەوەی دوور بكەوێتەوە لەم ماددەیە.
چەند جۆرێكی تر نەخۆشمان هەیە كەسەردانی نەخۆشخانە دەكەن ئەویش نەخۆشیە دەروونیەكانی مناڵن ئەو مناڵانەن كەتووشی حاڵەتە دەروونیەكانی وەك (ئۆتیزم، بیركۆڵی، فرەجوڵەیی، كەمی تەركیز، چەقاوەسویی لادانی هەڵسوكەوت) دەبن.

تەندروستی: نەخۆشی دەروونی لای كام ڕەگەز زیاترە؟
د.دانیاڵ سەعدی: بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشیە خەمۆكییەكان ڕێژەكەی لەئافرەتدا زۆرترە وەك لەپیاو و نەخۆشیەكانی تریش دەتوانین بڵێن بەیەكسانی لەهەردوولادا هەیە هەم لەپیاو و هەم لەئافرەت وەك داتایەك دەتوانین بڵێن لەمناڵدا بەتایبەت ڕەگەزی (نێر) زۆرتر تووشی حاڵەتە دەروونیەكان و نەخۆشی دەروونی دەبنەوە.
لەدوای تەمەنی مناڵی تانزیكی تەمەنی پیربوون ئافرەتان بەزۆری ڕوو لەپزیشكی دەروونی و نەخۆشخانە دەروونیەكان دەكەن و لەدوای ئەوە یەكسان دەبێتەوە لەنێوان پیاو و ئافرەت، واتە لەپێشدا لەمناڵدا بەتایبەت ڕەگەزی نێر و دواتر ئافرەت و پاشان یەكسان دەبێتەوە لەنێوان ئافرەت و پیاودا.

تەندروستی: هۆكارەكانی دروستبوونی نەخۆشیە دەروونیەكان چیە؟
د.دانیاڵ سەعدی: هەریەكێك لەنەخۆشیە دەروونیەكان كۆمەڵێك هۆكاری تایبەت بەخۆی هەیە،بەڵام نەخۆشیە دەروونیەكان بەشێوەیەكی گشتی دوو هۆكاری سەرەكین (هۆكاری ژینگەیی دەوروبەر و خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگا) ئەمانە هۆكاری ژینگەیی  و چواردەوری كەسەكەیان پێ دەوترێت و هەروەها هۆكاری سروشتی یان بۆماوەییان پێ دەوترێت كەئەمەیان دەسەڵاتی كەسەكەی تێدا نیە.

تەندروستی: نیشانەكانی نەخۆشیە دەروونیەكان لەمناڵدا چیە؟
د.دانیاڵ سەعدی: كۆمەڵێك نەخۆشی هەیە لەمناڵدا بۆنموونە ئۆتیزم كەمناڵ دەگرێتەوە و دایكەكە هەست دەكات مناڵەكە درەنگتر فێری قسە دەبێت یان كۆمەڵێك هەڵسوكەوت بەجۆرێك دەكات یاخود مناڵەكەی تێكەڵاوی مناڵی تر نابێت واتە كۆمەڵایەتی نیە یان هەڵسوكەوتی دەگۆڕێت و هەر لەسەرەتاوە دایكەكە هەستی پێدەكات پێش تەمەنی یەك ساڵی، بەڵام ئەو مناڵانە لەدوای دوو ساڵ و نیو سێ ساڵ دەست نیشانكردنیان بۆ دەكرێت.
نەخۆشی فرەجوڵەی كەمی تەركیز (ADHD) مان هەیە كە لەدوای پێنج ساڵ و نیو دەست نیشانكردنی بۆ دەكرێت و نیشانەكانی پێوەدیارە كە فرەجوڵەیە و هاروهاجە و شوێن بەخۆی ناگرێت و نیشانەی پێوە دیارە كەتەركیزی كەمە یان خەیاڵی دەڕوات بەخێرایی و بەپێی حاڵەتی مناڵەكە نیشانەكان دەگۆڕێت.

تەندروستی: چارەسەركردنی نەخۆشی دەروونی چیە؟
د.دانیاڵ سەعدی: چارەسەركردنی نەخۆشی دەروونی پشت دەبەستێت بەجۆری نەخۆشیەكە،نەخۆش هەیە پێویستی بەوە هەیە تەنیا قسەی لەگەڵ بكرێت و ئەوە چارەسەركردن بەقسەكردنی پێ دەوترێت، نەخۆش هەیە پێویستی بەقسەكردن و دەرمان هەیە، نەخۆشی دەروونی تریش هەیە پێویستی بەداخڵ بوون هەیە لەنەخۆشخانە.
نەخۆش هەیە پێویستی بەوە هەیە كارەبایی لێبدرێت، لەگەورەدا ئەم جۆرە دەكرێت و لەمناڵدا ناكرێت لەبەرئەوە چارەسەر بەپێی جۆری نەخۆشیەكەیە و بەتەنیا ئەوەنیە بڵێی یەك نەخۆشی و یەك چارەسەر، بەلایەنی كەمەوە نزیكەی (167) جۆر نەخۆشی دەروونی هەیە و هەر یەكێكیان جۆرێك لەچارەسەری هەیە.

د.دانیاڵ سەعدی: نەخۆشمان هەبووە ئالودەبووە بەماددەی هۆشبەر و خواردنەوەی كحولی و چارەسەری وەرگرتووە و ئێستا باش بووە و نەخۆشمان هەیە نەخۆشی دەروونی درێژخایەنی پێ دەوترێت، بۆنموونە نەخۆشەكە تووشی شیزۆفینیا بووە و لەگەڵ نەخۆشەكەدا دەمێنێتەوە هەتا مردن، بەڵام لەرێگەی دەرمانەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت هەروەك نەخۆشیە درێژخایەنەكانی دیكە و پێویستە نەخۆشەكە پاپەندبێت بەدەرمانەكان و بەكاریان بهێنێت.
هەروەها جۆرێك لەخەمۆكیمان هەیە بەهۆی ڕووداوێكەوە كەسەكە تووشی خەمۆكی بووە و دوای چەند مانگێك لەچارەسەر چاك دەبێتەوە، نەخۆشمان هەبووە توشی خەمۆكیەكی توند بووە و پاش چەند مانگێك لەچارەسەر چاكبۆتەوە.

تەندروستی: رێنمایی بۆ چارەسەری نەخۆشی دەروونی چیە؟
د.دانیاڵ سەعدی: ئەو كەسانەی كێشەی دەروونیان هەیە تازووتر بچیت بەدەمیەوە باشترە، چونكە هەندێك نەخۆشی دەروونی هەیە تازووتر بچیت بەدەمیەوە ناهێڵێت ببێت بەنەخۆشی درێژخایەن، بۆنموونە لەمناڵدا درەنگ فێربوونی قسە و درەنگ فێربوونی لەقوتابخانەدا هەتا زووتر بەدەمیەوە بچیت باشترە و زووتر چارەسەر وەربگرێت باشترە، نەوەك مناڵەكە گەورەتر بووە چارەسەرەكەشی زەحمەتر دەبێت.

د.دانیاڵ سەعدی: نەخۆشیە دەروونیەكان هەروەك نەخۆشیە جەستەیەكانی تر تازووتر بەدەمیەوە بچیت چارەسەرەكەی ئاسانتردەبێت، بۆنمونە نیشانەی نەخۆشی خەمۆكی ئەگەر بەس تەنیا لەكاتی خەوتێكچوون و كەمێك دڵتەنگی بڕۆیت بەدەمیەوە لەوانەیە بەلەتێك حەب كۆنتڕۆڵی حاڵەتەكە بكرێت، بەڵام ئەگەر هەموو نیشانەكانی خەمۆكی لە كەسەكەدا دروست بوو و كاتێك دێتە لای ئێمە هەر 27 نیشانەكەی خەمۆكی تێدا دروست بووە و ئەوە زۆر زەحمەترە چارەسەری بكەیت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 2960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:50:02/03/2023