هۆكار و نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك

‌

" تەندروستی"

شێرپەنجەی مەمك باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەسەر ئاستی جیهان لەنێو خانمان و بەپێی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی شێرپەنجەی مەمك پلەی یەكەمی گرتووە لەنێو شێرپەنجە دەستنیشانكراوەكان و پیاوانیش دەكرێت تووش بن، بەڵام كەمتر لە 1%ی سەرجەم حاڵەتەكان پێكدەهێنن.

- ئەو هۆكارانەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكەن:
* هۆكارە بۆ ماوەییەكان: نزیكەی 5% بۆ 10%ی حاڵەتەكان پەیوەستن بە بازدانی بۆماوەیی بەتایبەتی لە جینی BRCA1 و BRCA2 ، كە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و هێلكەدان بەرز دەكەنەوە.
* بەركەوتنی هۆرمۆنی ئیسترۆجین: زوو دەستپێكردنی سووڕی مانگانە پێش تەمەنی 12 ساڵی و درەنگ وەستانی سووڕی مانگانە دوای تەمەنی 55 ساڵی یان یان درەنگ منداڵبوون و منداڵنەبوون و هەروەها بەكارهێنانی درێژخایەنی چارەسەری هۆرمۆنی جێگرەوە.
* شێوازی ژیان: قەڵەوی (بەتایبەت دوای وەستانی سووڕی مانگانە) و كەمیی جووڵە و خواردنەوەی كحوول و جگەرەكێشان.

- نیشانە سەرەكییەكان كە پێویستیان بە بەدواداچوونی دەستبەجێیە:
* بوونی گرێ یان ئەستووربوون لە مەمك یان ژێرباڵ.
* گۆڕانی قەبارە یان شێوەی مەمك.
* چاڵبوون یان گۆڕانی پێستی مەمك (وەك توێكڵی پرتەقاڵ).
* چوونەناوەوەی گۆی مەمك یان دەرچوونی شلە و دەردراو لە گۆی مەمك.

- دەستنیشانكردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك و پشكنین:
* مامۆگرافی: بە ستانداردی ئاڵتوونی دادەنرێت بۆ پشكنینی پێشوەختە و دەتوانێت گرێ یان نیشانەی دیكە دەستنیشان بكات تەنانەت چەندین ساڵ پێش ئەوەی بە دەست هەست بە گرێكە بكرێت.
* سۆنەر و تیشكی موگناتیسی: سۆنەر گرنگە بۆ جیاكردنەوەی كیس لە گرێی ڕەق و بۆ ئەو كەسانەی مەمكیان شانەی چڕی زۆرە (زیاتر گەنجان) و ئێم ئاڕ ئای بەتایبەت بۆ ئەو كەسانە بەكاردێت كە مەترسیی بۆماوەیییان هەیە.
* پشكنینی شانەیی: بڕیاردەری كۆتاییە بۆ دەستنیشانكردنی شێرپەنجە و وەرگرتنی نموونەی شانەیی لە گرێی مەمكە تووشبووەكە تاوەكو تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەكان دەربكەون.

- تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەكان و چارەسەر:
شێرپەنجەی مەمك یەك نەخۆشی نییە، بەڵكو دابەش دەبێت بۆ چەندین جۆری جیاواز و چارەسەركردن بە تیمی فرەپسپۆڕ ئەنجام دەدرێت و پێكهاتووە لە:
* نەشتەرگەری: پاراستنی مەمك لەگەڵ پشكنینی گرێی لیمفاویی پاسەوان.
* نەشتەرگەری: لابردنی تەواوەتیی مەمك.
* چارەسەری تیشكی: پێویست و ستانداردە دوای نەشتەرگەری پاراستنی مەمك بۆ كەمكردنەوەی مەترسی گەڕانەوەی ناوچەیی و لە حاڵەتەكانی مەترسیی بەرزدا دوای لابردنی تەواوەتی مەمكیش بەكاردێت.
* چارەسەری كیمیایی: بەپێی قەبارەی گرێ و تووشبوونی گرێ لیمفاوییەكان و تایبەتمەندییە جینییەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
* چارەسەری هۆرمۆنی: ئاراستەكراو و چارەسەری بەرگری بەپێی نیشاندەرە بایۆلۆژییەكان.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:31:05/10/2026