خەمۆكی سایكۆسیسی دوای منداڵبوون


" تەندروستی"

د.هێمن فاتیح پزیشكی دەروونی، دەڵێت: لەچەند هەفتەی سەرەتای منداڵبوون، هەندێك دایك تووشی دۆخێكی توندی دەروونی دەبن، وەك گومانی توند، تێكچوونی ڕەفتار، كەمبوونەوەی خۆڕاگریی، بێ ئۆقرەیی، توندوتیژی، دڵتەنگی، ناڕێكی خەو و خواردن و لاوازی لە كار و فەرمان و خزمەتكردنی منداڵە كۆرپەكەی.

وتی: سەرەڕای ئەوەی ئەم جۆرە پەشێویە تاڕادەیەك بەكەمی دەبینرێت بە نزیكەیی لەهەر هەزار دایكێك كە منداڵی دەبێت یەك بۆ دوو دایك تووش دەبن، بەڵام بەحاڵەتێكی توندی كتوپڕی دەروونی ئەژماردەكرێت، پێویستە هەرچی زووترە چارەسەری بكرێت تا خودی دایك و منداڵەكە لەكاریگەری خراپی پەشێوییەكە دووربن و چارەسەرەكە دەرئەنجامی كاریگەرتری هەبێت.

ئەو پزیشكە دەروونیە ڕایگەیاند: پەشێویەكە زیاتر لەو دایكانەدا ڕوودەدات كە پێشتر حاڵەتی دەروونی، وەك خەمۆكی توند، پەشێوی دەروونی دووجەمسەری، هتد..هەبووە، هەروەها زیاتر لەدوای لەدایكبوونی مندالی یەكەم و هۆكاری بۆماوەیی و چەندین هۆكاری خێزانی و ژینگەیی تر دەگونجێت ئەگەری ڕوودانەكەی زیاتر بكەن.

ڕوونیكردەوە: سەرەتایی چارەسەریەكە بە داخڵكردنی نەخۆشەكە لە نەخۆشخانە دەستپێدەكات و پاشان لەگەڵ جێگیربوونی حاڵەتەكەی چارەسەریەكان بەرەو كەمبوونەوە دەچن تا ئەوكاتەی دۆخی دایكەكە بە تەواوی جێگیر دەبێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:25:21/04/2025