سوودەكانی رۆژووگرتن لەڕووی تەندروستیەوە


" تەندروستی"

ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان هەر تەنیا جێبەجێكردنی ئەركێكی ئاینی نیە، بەڵكو سوودی گەورەی هەیە بۆ مرۆڤ لەڕووی تەندروستیەوە.
پزیشكان و پسپۆڕان دیارترین سوودەكانی رۆژووگرتن لەڕووی تەندروستیەوە دەخەنەڕوو:

1- ڕاهاتنی لەش لەگەڵ بڕێكی كەمی خۆراك: ئەگەر رۆژانی ئاسایی مرۆڤ زیادەڕەوی بكات لەخواردن، ئەوا رۆژووگرتن یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێكخستنی بەكارهێنانی خۆراك بەرێژەی كەمتر، بەتایبەت ئەگەر سیستمێكی خۆراكی تەندروست لەكاتی بەربانگ و پارشێو بگیرێتەبەر و بەم شێوازە دەتوانرێت رێژەی كۆلیسترۆل لەناو خوێن و زۆرێك لەنەخۆشیەكان كۆنترۆڵ بكرێت.

2- ڕزگاربوون لەماددە ژەهراوییەكان: زۆرێك لەخەڵكی رێجیم دەكەن و بۆ چەندین كاتژمێر خواردن ناخۆن بەئامانجی دابەزاندنی كێشیان و ڕزگاربوون لەماددە ژەهراوییەكانی لەشیان، مانگی ڕەمەزان بەهەلێكی زۆر باش دادەنرێت و ڕزگاربوون لەماددە ژەهراوییەكان وادەكات هەست بەپشوویەكی زۆر بكەیت.

3- كاركردنی باشتری كۆئەندامەكانی لەش: لەكاتی بەرۆژووبوون كاركردنی تەواوی كۆئەندامەكانی لەش باشتر دەبێت و زۆر گرنگە زیادەڕەوی نەكرێت لەخواردنی خۆراكە ناتەندروستەكان لەكاتی بەربانگ كردنەوە.

4- كەمبوونەوەی هەوكردن: هەندێك خۆراك هەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەوكردن لەناو لەش بەتایبەت خۆراكە خێراكان و چەورەكان، رۆژووگرتن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەوكردن و پێویستە گرنگی بدرێت بەخواردنی شۆربا و زەڵاتە و خواردنێكی دەوڵمەند بەپرۆتین لەكاتی بەربانگ و لەكاتی پارشێو پەنیر و میوە و سەوزە بخورێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی






ئه‌م بابه‌ته 1280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:41:29/03/2023