هۆكارە باوەكانی كەمبوونەوەی سیستمی بەرگری لەش


" تەندروستی"

كەمبوونەوەی بەرگری لەش دەبێتە هۆكارێك بۆ تووشبوون بەجۆرە جیاوازەكانی هەوكردن وەك هەوكردنی بەكتریایی و ڤایرۆسی و كەڕوویی یان هەندێكجار تێكچوونی بەرگری لەش و دەبێتە هۆی تووشبوون بەهەندێك جۆری شێرپەنجە یان نەخۆشی تر.

كەمبوونەوەی بەرگری لەش بەدوو شێواز ڕوودەدات:

* كەمبوونەوەی ژمارەی خانەكانی كۆئەندامی بەرگری لەش.
* تێكچوونی كاركردنی خانەكانی بەرگری لەش.

هۆكارەكانی كەمبوونەوەی سیستمی بەرگری لەش:

- هۆكاری جینی: هەندێك نەخۆشی جینی هەیە كە هەر لەدایكبوونەوە كەسەكە بەرگری لەشی كەمە و زوو زوو تووشی هەوكردن دەبێت.
-  نەخۆشی درێژخایەن: وەك نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی ئایدز.
- هەندێك جۆری دەرمان: وەك ستیرۆیدەكان و چارەسەری كیمیایی و هەندێك چارەسەری تر كەبەرگری لەش دادەبەزێنن.
- هۆكاری ژینگەیی: وەك هەندێك ماددەی كیمیایی.
- زیادبوونی تەمەن: لەدوای تەمەنی 65 ساڵیەوە یەكێكی ترە لەهۆكارەكانی كەمبوونەوەی بەرگری لەش.
- تەمەنی منداڵی: هۆكارەكە ئەوەیە هێشتا كۆئەندامی بەرگری لەش بەتەواوی گەشەی نەكردووە لەگەڵ هەندێك هۆكاری دیكە.
- خۆراك : كەم خواردنی هەندێك خۆراك كەئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەندێك ڤایتامین لە لەش.
- نەبوونی جووڵە و وەرزش كردن و هەروەها خەوی ناڕێك و كەم خەوی و بوونی سترێسێكی زۆر و هەندێك لە توێژینەوەكان باس لەم هۆكارانەش دەكەن بۆ كەمی بەرگری لەش.

د. بڕیار سەباح ڕەشید پسپۆڕی نەخۆشیەكانی خوێن لەنەخۆشخانەی هیوا
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:01:09/03/2023