كەرتی تەندروستی و دەرمان لە سلێمانی دەكرێنە كاری لەپێشینە

‌

" تەندروستی "

د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەردانی كەمال ڕەئوف بەڕێوبەری بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی كرد و گفتوگۆیان لەبارەی چارەسەركردنی گرفتی دابینكردنی شایستە داراییەكان بۆ كەرتی تەندروستی كرد بە مەبەستی بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە سنوورەكە و ڕێگریكردن لە پەككەوتنیان.

د.سەباح نەسرەدین سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی كرد لەپای ئەو هاوكاری و پشتیوانییەی لەچەند مانگی ڕابردوودا پێشكەشیان كردووە، هەروەها بۆ ئەو بەرنامە و پلانەی بۆ داهاتوو دایانناوە. 

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد كە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزیان لەڕێگەی بۆردی حكومەتەوە كار دەكرێت بۆ ئەوەی تایبەتمەندی و پێشینەی تەواو بدرێت بە كەرتی تەندروستی و دابینكردنی دەرمان.

لای خۆیەوە، بەڕێوبەری بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بەڵێنیدا كە تەواوی كارئاسانی بكەن بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی كەرتی تەندروستی سلێمانی.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:50:11/10/2026