ژنێكی دووگیانی تووشبوو بە نەخۆشی دڵ و كۆرپەكەی ڕزگاركران


" تەندروستی"

لە كارێكی پزیشكی سەركەوتوودا تیمە پزیشكییەكانی سلێمانی توانیان لەڕێگەی هەماهەنگی هاوبەش و نەشتەرگەرییەكی تایبەت و ورد، كۆتایی بە مەترسیی سەر ژیانی ژنێكی دووگیانی و كۆرپەكەی بهێنن و تەندروستییەكی جێگیر بۆ هەردووكیان بگەڕێننەوە.

چیرۆكی نەخۆشەكە:
نەخۆشەكە ژنێكی دووگیانی تەمەن 32 ساڵ بوو كە هاوكات تووشی نەخۆشیی دڵ ببوو و لە نەخۆشخانەی دڵ لەژێر چاودێریدا بوو و بەهۆی تێكەڵبوونی بارودۆخی دووگیانی لەگەڵ كێشەی دڵیدا، پرۆسەی منداڵبوونەكەی ببووە بڕیارێكی هەستیار و زیادبوونی ئاستی مەترسی لەسەر ژیانی خۆی و كۆرپەكەی، كە ئەگەر بەپەلە و بەپلانی تایبەت چارەسەر نەكرایە، لێكەوتەی زۆر مەترسیداری تەندروستی لێدەكەوتەوە.

پرۆسەی چارەسەركردن:
دوای ئەنجامدانی پشكنینە پێویستەكان و هەڵسەنگاندنی ورد، بڕیاردرا تیمێكی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری بچنە نەخۆشخانەی  دڵ لە سلێمانی  تاوەكو بەهەماهەنگی پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە ئەنجام بدەن.
پڕۆسە پزیشكییەكە لە نەخۆشخانەی دڵ بە هەماهەنگی كارای نێوان هەردوو نەخۆشخانەكە و لەلایەن تیمێكی پزیشكی پسپۆڕ و شارەزاوە ئەنجامدرا.
د.ڕاز تەها پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵبوون و د.ئامانج پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ سەرپەرشتی تیمێكی پسپۆڕیان بۆ ئەم نەشتەرگەرییە كرد و بە هاوكاری پزیشكان و كارمەندانی بێهۆشكاری و كارمەندانی بەشی نەشتەرگەری هەردوو نەخۆشخانەكە لەم تەكنیكە پزیشكییە وردەدا، تیمەكە بە لێهاتووییەكی بەرزەوە توانییان پرۆسەی منداڵبوونەكە بەبێ دروستبوونی هیچ لێكەوتەیەكی نەرێنی بۆ دڵ و تەندروستی دایكەكە بەئەنجام بگەیەنن.

ئەنجامی نەشتەرگەرییەكە:
خۆشبەختانە نەشتەرگەرییەكە بە سەركەوتوویی تەواو كۆتایی هات و ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەكە، مەترسییەكە بە تەواوی لەسەر ژیانی دایكەكە و كۆرپەكەی لادرا و هەردووكیان لەژێر چاودێریدان و دۆخی تەندروستییان تەواو جێگیرە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی







ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:07:09/08/2026