پڕۆژەیەكی ژینگەیی و تەندروستی گرنگ لە سلێمانی كەوتە كار


" تەندروستی"

بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پیتا باڕنس بەرپرسی نوسینگەی مەیدانی ڕێكخراوی یونسێف لە هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاران و بەڕێوبەری گشتی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسانی كەرتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی، مەراسیمی كردنەوەی پڕۆژەی یەكەی پاككردنەوەی ئاوی نەخۆشخانەی فێركاری بەڕێوەچوو.

پڕۆژەكە لەلایەن ڕێكخراوی یونسێف جێبەجێكراوە و پشت بە تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی (MBBR) دەبەستێت كە توانای بەرهەمهێنان و ئامادەكردنەوەی 200 مەتر سێجا ئاوی خاوێنی لە ڕۆژێكدا هەیە، بەجۆرێك ئاوی ئاوەڕۆی نەخۆشخانەكە دەپاڵێورێت و كۆدەكرێتەوە و پاشان لەڕێگەی دوو تانكی تایبەتەوە ئاڕاستەی بەكارهێنانەوە دەكرێت.

لایەنی گرنگی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە كە ڕێگری لە كارەساتی ژینگەیی دەكات و لەمەودوا ئاوی ئاوەڕۆ پاش پاككردنەوەی بۆ ئاودانی ڕووبەری سەوزایی بەكاردەهێندرێتەوە كە ئەمەش هاوكارێكی گەورەی پاراستنی ئاو و ژینگە دەكات.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی







ئه‌م بابه‌ته 24 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:21:22/07/2026