شاندی وەزارەتی تەندروستی سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كرد


" تەندروستی"

د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای وەزارەت سەردانی شاری سلێمانی كرد و بەیاوەری د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەی هیوای كرد و لەلایەن د.یاد نەقشبەندی بەڕێوبەری نەخۆشخانەكە پێشوازییان لێكرا.

لە میانی سەردانەكەدا بەشە جیاوازەكانی نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی یان بەسەركردەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی تیشكی خستە سەر ڕۆڵ و گرنگی نەخۆشخانەی هیوا وەك ناوەندێكی سەرەكی چارەسەری شێرپەنجە نەك تەنیا بۆ پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق.

وتیشی: لەگەڵ وەزیری تەندروستی تاووتوێی پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە كراوە و وەزیری تەندروستی ئامادەیی و پشتیوانی تەواوی بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەكە و بەدواداچوونی بەپەلە دەربڕیوە.

لای خۆییەوە د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: نەخۆشخانەی هیوا جێگەی شانازی كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستانە، سەرەڕای ئەو بارگرانی و فشارە زۆرەی لەسەر نەخۆشخانەكەیە بەهۆی بەرزیی تێچووی دەرمان و چارەسەرەكان كە هەندێك جار تەنیا یەك ژەمە دەرمان هەزاران دۆلاری تێدەچێت.

باسی لەوەشكرد وەزارەتی تەندروستی بەرنامەی هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری سەنتەرەكانی شێرپەنجە و ئامانجی سەرەكیی ئەم پلانانە كەمكردنەوەی ئازاری تووشبووانی شێرپەنجەیە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی







ئه‌م بابه‌ته 24 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:07:22/07/2026