ژیانی نەخۆشێك لە ڕێگەی هەناوبینی پەردەی سییەكان ڕزگاركرا


" تەندروستی"

بۆ یەكەمین جار لە كەرتی حكومی و لەلایەن تیمێكی پسپۆڕ لە پزیشكانی كۆئەندامی هەناسە لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە بە سەرپەرشتی پزیشكی پسپۆڕ د.هادی محەمەد عەبدوڵا تونرا بە سەركەوتوویی پرۆسەیەكی دەگمەنی هەناوبینی پەردەی سییەكان بۆ نەخۆشێكی تەمەن 54 ساڵ ئەنجام بدرێت.

چیرۆكی نەخۆشەكە:
نەخۆشەكە دەیناڵاند بەدەست نەخۆشییەكانی پەركەم و بەرزەفشاری خوێن و لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە تووشی كۆكە و بەڵغەمێكی زۆر بوبوو و باری تەندروستی بەرەو خراپی ڕۆیشتبوو، بە جۆرێك تووشی كەمی ئۆكسجین و تەنگەنەفەسییەكی توند بوبوو.
دوای پشكنینە ووردەكان و تیشكی سنگ و تەنووری و (CXR - HRCT) دەركەوت نەخۆشەكە تووشی كۆبوونەوەی كێم لە پەردەی سییەكاندا بووە بەشێوەیەكی زۆر ئاڵۆز (Empyema) و هەروەها نیشانەكانی هەوكردن لە خوێنی (CRP 347 و ESR 100) زۆر بەرز بوون.

پڕۆسە پزیشكییەكە:
بڕیاردرا بە ئەنجامدانی (Medical Thoracoscopy) بۆ نەخۆشەكە بەهۆی ئاڵۆزی كەیسەكە و ئەو پڕۆسەیە تەنیا لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی لەسەر ئاستی حكومی ئەنجام دەدرێت.
لە ڕێگەی هەناوبینیەكەوە توانرا شوێنی هەوكردنەكە پاك بكرێتەوە و سۆندەی سییەكان (Chest Tube)ی بۆ دابنرێت، هەروەها دەرمان بەكارهات بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەرە توندانەی كە لە چواردەوری سییەكان دروست بوبوون.

دەرەنجام دوای چارەسەر :
ئێستا نەخۆشەكە لەژێر چاودێری وورددایە و باری تەندروستی زۆر جێگیرە و بەرەو چاكبوونەوەی تەواو دەچێت ئەویش بە هەوڵ و ماندووبوونی تەواوی تیمی پزیشكی و ستافی نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە كە هەمیشە پێشەنگن لە پێشكەشكردنی نوێترین خزمەتگوزاری پزیشكی بە هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی









ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:32:27/04/2026