هەڵمەتی هەفتەی تەندروستی چاكسازیەكانی سلێمانی دەستیپێكرد
" تەندروستی"
لەهۆڵی كتێبخانەی چاكسازی گەوران، بەئامادەبوونی د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان بەڕێوبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی و بەڕێوبەری هەردوو چاكسازی گەوران و ژنان و منداڵان لەسلێمانی و ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، قۆناغی دووەمی هەڵمەتی هەفتەی تەنـدروستی تایبەت بە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە چاكسازیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد.
لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوبەری چاكسازی كۆمەڵایەتی و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوبەری جێبەجێكار لە تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندیەكان بەگرنگیەوە باسیان لەم هەڵمەتە تەندروستیە كرد و بەهەنگاوێكی گرنگی پڕۆسەی چاكسازی ناویانبرد، هیوایان خواست لەداهاتوودا ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لایەنەكان بۆ چاكسازیەكان بەردەوامی هەبێت بەئامانجی زیاتر خزمەتكردنی سزادراوان.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی مەڵبەندی تەندروستی چاكسازی گەورانیان بەسەركردەوە و لەنزیكەوە بەدوادچوونیان كرد بۆ كاروبارەكانیان و ئەو كێشە و گرفتانەی لەكەمی كەلوپەل و پێداویستی تەندروستی هەیە.
لەكۆتایدا كەلوپەلی تەندروستی و تەواوی پێداویستەكان ڕادەستكرا كە لەم هەڵمەتەدا تەرخانكراوە، لەلایەن ستافێك لە تیمی تۆڕی دادپەروەری بـۆ بەندییەكان هەڵمەتی پاككردنەوەی بەشێك لە هۆڵەكانی چاكسازی گەوران دەستی پێكرد و لەلایەن ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان پشكنینی ددان بۆ بەشێك لە نەوجەوانان لە چاكسازی ژنان و منداڵان ئەنجام درا.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه
PM:10:04:21/10/2025