چارەسەرێكی گرنگی تووشبووانی شێرپەنجە دەستپێدەكاتەوە


" تەندروستی"

بە ئامادەبوونی د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی و د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی بانكی هەرێم لە سلێمانی و بەشێك لە بەرپرسانی كەرتی تەندروستی و ڕێكخراوی كوردستان ، چارەسەری براكپێراپی (تیشكی ناوەكی) لە سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشك كرایەوە.

پێشتر ئەم چارەسەرە لە سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە شاری سلێمانی بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی دەكرا ، بەڵام لە ساڵی 2020وە ئەم چارەسەرە وەستاوە ، لە ئێستادا بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەڕێگەی سندوقی كۆمەك بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دووبارە توانرا ماددەی تیشكدەر بۆ سەنتەری ژیانەوە دابین بكرێت و ئەو جۆرە چارەسەرە دەستپێبكاتەوە.

دابینكردنی ئەم چارەسەرە بەسەدان تووشبوی شێرپەنجە سوودمەند دەبن لەهەموو پارێزگاكانی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و عێراق، بە تایبەت كە سەنتەری ژیانەوە تاكە سەنتەرە توانای پێشكەش كردنی ئەم جۆرە چارەسەرەی هەبێت ، بەهۆی بەردەست نەبوونی چارەسەری براكیپێراپی تووشبووانی شێرپەنجە ناچاربوون گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن و هەندێكجار بەبێ چارەسەر بمێننەوە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی










ئه‌م بابه‌ته 1280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:02:22/06/2025