بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی كرایەوە


" تەندروستی"

بەئامادەبوونی د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و لێپرسراوانی كەرتی تەندروستی و كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی لەشاری سلێمانی كرایەوە.

سەرەتا ئەم بەشە بۆ خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم كرایەوە ، بەڵام دواتر بوارەكەی فراوانتر كرا بۆئەوەی چارەسەر بۆ هەموو ئەو كەسانە بكرێت كە ناتوانرێت لەژێر بەنجی لۆكەڵ گرفتی ددانیان بۆ چارەسەر بكرێت، بەتایبەت تووشبووانی داون سیندرۆم و ئیفلیجی مێشك و ئەوانەی كێشەی گەشەیان هەیە.

ئەم بەشە بەشێكی تازەیە لە نەشتەرگەری دەم و ددان لەشاری سلێمانی و بیرۆكەی دروستكردنی ساڵی 2023 دەستپێكرد، چونكە لەنەخۆشخانە حكومیەكان هیچ بەشێكی تایبەت لەو شێوەیە نەبووە و كاری تێدا بكرێت و زۆرینەی كەلوپەلەكان لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دابینكرا و هەندێك لەئامێرەكانی لەلایەن خێرخوازانەوە كڕدراوە.

تیمێكی پسپۆڕی ددان لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی بەڕێوەدەبن و پێشتر پشكنینی پێویست بۆ نەخۆشەكان دەكرێت و خزمەتێكی گەورەیان پێشكەش دەكرێت بەتێچوویەكی زۆر كەم، لەكاتێكدا ئەو خزمەتگوزارییە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان پارەی زۆری دەوێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی










ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:34:19/06/2025