دەست شووشتن بەئاوی شلەتێن ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناودەبات


تایبەت " تەندروستی "

تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لەراپۆرتێكدا بڵاویكردەوە پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن لەوەی دەست شووشتن بەئاوی شلەتێن و سابون باشترە بۆ خۆپارێزی لەتووشبوون بەڤایرۆس بەشێوەیەكی گشتی و ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی تایبەت.


پسپۆڕان دەڵێن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش دەبێت بەلایەنی كەمەوە دەست شووشتنەكە بە باشی ئەنجام بدرێت بۆ ماوەی 20 چركە ئەگەر ئاوەكە شلەتێن بوو و دەست شووشتن بۆ ماوەی 30 چركە بێت ئەگەر ئەو ئاوەی بەكارهێنرا سارد بوو.

ئاو و سابون نابێتە هۆی بنبڕكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتەنیا، بەڵكو ئەو ڤایرۆسە زیانبەخشانەی دیكە لەناو دەبات كەدەبنە هۆی تووشبوون بەئەنفلۆنزا كە ساڵانە بەملیۆنەها كەس لەسەرتاسەری جیهان بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن لەگەڵ لەناوبردنی ئەو ڤایرۆسەی تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبێت و لەهەندێك حاڵەت دەبێتە هۆی هەوكردنی سییەكان.

د.جۆن ویلیامز پسپۆڕی زانستی ڤایرۆسەكان و سەرۆكی بەشی خۆپاراستن لەسەنتەری پزیشكی منداڵان لەزانكۆی بیتسبێرگ ئاماژە بەوەدەكات پاككردنەوەی دەست بەئاو و سابون و كهول دەبێتە هۆی توانەوەی چەوری چواردەوری ڤایرۆسەكان و لەو كاتەدا ڤایرۆسەكە ناچالاك دەبێت و ناتوانێت خانەكانی لەش ببڕێت.

ئەو پسپۆڕە ڕوونیكردەوە: لەهەندێك حاڵەتدا بەكارهێنانی ئاو و سابون باشترە بەهۆی ئەوەی توانای لەناوبردنی تەنە زیندووە زۆر ووردەكانی هەیە، هەرچەندە كهول چالاكە بۆ كوشتنی بەكتریا و ڤایرۆس ، بەڵام بەكارهێنانی ئاو و سابون باشترە بۆ لەناوبردنی بەكتریا و ڤایرۆس و تەنە زیان بەخشەكان هاوشێوەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەری جۆری ئەی و ئیفلیجی منداڵ و هەوكردنی سییەكان.

هاوكات ویلیام شافنر مامۆستای زانستی خۆپاراستن و نەخۆشیە گواستراوەكان لەكۆلیژی پزیشكی زانكۆی فاندەر بیلتی ئەمریكی ووتی: زۆر گرنگە لەكاتی دەست شووشتن بەتەواوی پەنجەكان و نینۆنەكەكان لەیەك بخشێنرێت بۆئەوەی كەف دروست بێت كە ئەو كەفە دەبێتە هۆی رێگری كردن لەوەی بەكتریا و ڤایرۆس و تەنە زیانبەخشەكان بەڕووی پێستەوە یاخود دەستەكانەوە بلكێت.

وتیشی: ئەو پاكژكەرەوانەی دەست كە كهولی تێدایە چالاك دەبێت ئەگەر بەشێوەی تەندروست بەكاربهێنرێت و دەبێت رێژەی كهولەكەی لە 60% كەمتر نەبێت و دەبێت بڕی پێویست بخرێتە سەرد دەست و بەهەموو ناوچەكانی دەست بڵاوبكرێتەوە.

بیل وێست پسپۆڕی كیمیازانی و مامۆستا لەزانكۆی ئیمۆری ڕایگەیاند: دەست شووشتن بەئاوی ساردیش ئەنجامی هەیە، بەڵام دەبێت دڵنیابینەوە لە لێكخشاندنی تەواوی دەستەكان بۆئەوەی كەفی پێویست دروست بێت و دەبێت لەكاتی دەست شووشتن بەئاوی سارد بۆ ماوەی 30 چركە بەردەوام بێت.

ئەو پسپۆڕە روونیكردەوە: دەست شووشتن بەئاوی شلەتێن و سابون دەبێتە هۆی دروستبوونی كەفی باشتر و خێراتر بەشێوەیەك دەبێتە هۆی ڕزگاربوون لەهەر پیسی و بەكتریا و ڤایرۆسێك بەئاسانی.

ئا: كارزان عەبدوڵا
سەرچاوە/ CNN
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی

PM:12:45:25/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 647 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2019. tendrwsti.com . All Rights Reserved.