ڕێنمایی خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزای وەرزی بۆ قوتابیان و مامۆستایان



تایبەت " تەندروستی "

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنووسراوێكدا رێنماییەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزی H1N1 بۆ قوتابیان و مامۆستایان بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد زۆربەی تووشبووان بە ئەنفلۆنزای وەرزی بەپشوودان و ئاگاداری خواردن و خواردنەوە و بێ چارەسەری پزیشكی چاك دەبنەوە.

رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزی H1N1 بۆ قوتابیان و مامۆستایان بریتین لە:

1- نیشانەكانی بریتیە لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ زیاتر لە 38 پلەی سەدی ، هاتنی ئاو لە لووت ، كۆكە و سەرئێشە و ئازاری ماسوولكە و جومگەكان و ئەگەر نیشانەكانی ئەنفلۆنزا لای قوتابیەك دەركەوت ئەوا دەبێت لەقوتابیەكانی دیكە جیابكرێتەوە و بەپەلە باوك و دایكی لێ ئاگادار بكرێتەوە.
2- پێویستە ئەو قوتابیەی نیشانەكانی ئەنفلۆنزای لەسەر دەردەكەوێت لەماڵەوە بمێنێتەوە و پشووی بدرێتێ و دەوام نەكات، ئەگەر بۆ چارەسەر نەبێت نەچێتە دەرەوە و تەنیا ئەو كاتە بگەڕێتەوە قوتابخانە كە پلەی گەرمی لەشی بگەڕێتەوە پلەی ئاسایی خۆیی و بۆ ماوەی 24 كاتژمێر تای نەبێت بێ وەرگرتنی دەرمان بۆ هێنانە خوارەوەی تا.
3- قوتابیان فێری ئەوە بكرێن خۆیان لەبەكارهێنانی پەرداخ و كەوچك و كلێنكس و خاولی یەكتر بەدووربگرن و تەنیا كەلوپەلی تایبەتی خۆیان بەكاربهێنن.
4- پێویستە هەموو كاتێك ئاو و سابون و پاككەرەوەكان بەردەستبن و قوتابیان بە بەردەوام دەستیان بشۆن بەتایبەت پێش نانخواردن و خواردنەوە و دووای چوونە ئاودەست یان لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە پێش شۆردنی دەستەكانیان پەنجە لەدەم و لووت و چاوەكانیان نەدەن، هەروەها دەتوانن جێلی ئەلكهول بەكاربهێنن بۆ خاوێنكردنەوەی دەستیان.
5- هانی قوتابیان و كارمەندانی قوتابخانە بدرێت بۆ دووركەوتنەوە لەباوەش بەیەكداكردن و ماچكردنی هەر كەسێك لەوەرزی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا ، بەتایبەت ئەگەر نیشانەكانی نەخۆشیەكە لای قوتابیەكان دەركەوتبێت.
6- فێركردنی قوتابیان بە داپۆشینی دەم و لووتیان لەكاتی پژمین و كۆكە بە كلێنكس یان دەستەسرێك و پاشان فرێدانی دوای بەكارهێنانی.
7- لەكاتی نەخۆشكەوتن هەوڵ بدێت پتر شلەمەنی گەرم بخورێتەوە.
8- بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی سەرماو ئەنفلۆنزا پێویستە خواردن و خواردنەوەی هاوسەنگ بخوات كەپڕبێت لە ڤیتامینەكان وەك سەوزە و میوە.
9- هەوڵ بدرێت پرۆسەی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەی قوتابیان بۆ ناو پۆل هێمن و لەسەرخۆ بێت و بۆ رێگرتن لەدروستبوونی قەرەباڵغی.
10- پێویستە بە بەردەوام و بەرێكوپێكی ئاودەست و زەوی و هەموو ڕووەكانی ناو پۆلس لەكورسی و رەحلە و دەسكی دەرگا و چەنجەرە بسرێت و خاوێن بكرێتەوە بە بەكارهێنانی پاككەرەوەكان.
11- بایەخ بە هەواگۆڕكێ بدرێت لە پۆلەكان بەكردنەوەی پەنجەرەكانی پۆل بەلایەنی كەمەوە لەكاتی پشووەكان.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی






ئه‌م بابه‌ته 1009 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:20:07/01/2020