ئەنفلۆزای H1N1 چیە و نیشانە و مەترسیەكانی..




" تەندروستی "

ئەنفلۆنزای H1N1  كەپێشووتر بەئەنفلۆنزای بەراز ناسراوبوو لەسەردەمی ئێستادا هێندە دێوەزمەیەكی قورس و ترسناك نیە، جۆرێكی جیاوازی ئەنفلۆنزایە و نیشانەكانی ڕەنگە لەپەتای وەرزی زیاتر نەبن و مەترسییەكانیشی زیاتر نەبن، لەهەندێك كەسی تایبەتدا نەبێت.

ئەو كەسانەی ئەنفلۆنزای H1N1 مەترسیان لەسەر دروست دەكات:

- كەسانی بەتەمەن و منداڵی ساوا و ژنانی دووگیان.
- ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی سییەكان و بۆری هەوایان هەیە.
- ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە.
- ئەوانەی سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە، بەهۆی نەخۆشیەوە بێت یان بەهۆی دەرمانەوە.
- ئەو كەسانەی ئەندامی جەستەیان بۆ چێنراوە

ئەگەر بەسەختی تووشی پەتاكە یا ڤایرۆسەكە بوویت دەتوانی سەردانی پزیشك بكەیت كە نیشانەكانی بریتیە لە:

* كۆكە و هەڵامەتی زۆر تووند لە هەفتەیەك زیاتر.
* بێتاقەتی و بێهێزی لەڕادەبەدەر بۆماوەی چەند ڕۆژێك.
* تای زۆر بەرز و شینبوونەوەی لێو و زمان.
* سنگ ئێشە و خیزەی سنگ و هەناسەسواری.
* بورانەوە یان گەشكە.

ئەگەر كەسی تووشبوو لەگروپە مەترسیدارەكان نەبوو و نیشانەكانی توشبوونی زۆر سەخت نەبوون، ئەوا هیچی پێویست نیە جگە لە رێنماییە باوەكانی خۆپارێزی ئەوانیش:

- پاكوخاوێنی و دەستشۆردن و پشوودان و زۆر خواردنەوەی شلەمەنی.
- دووركەوتنەوە لەماچكردن و باوەش و سەردانیكردن، بەتایبەت لەگەڵ كەسانی تووشبوو.
- بەكارهێنانی ماسك و كلێنس و دوور كەوتنەوە لەقەرەباڵخی .
- بەكارهێنانی دەرمانی دژە تا (پاراسیتامۆڵ).

ئا: د.محمد سەید علی بەرزنجی بەكالۆریۆس لەنەشتەگەری گشتی و هەناوی
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:46:07/01/2020