هۆكاری ئەنفلۆنزای وەزری و خۆپاراستن و چارەسەر




تایبەت " تەندروستی "

ئەنفلۆنزای وەزری پەتایەكی درمیە كەبەهۆی چەند جۆرێك ڤایرۆسەوە دروست دەبێت و بەشێوەیەكی ئاسان لەنێوان مرۆڤەكان بڵادەبێتەوە و تووشی هەمووان دەبێت و بەپێی تەمەنی مرۆڤەكان نیشانەكان و كاریگەرییەكانی دەگۆرێت.


بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا لەوەزری زستاندا دەگاتە ئەوپەڕی و دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنی توندی 3 بۆ 5 ملیۆن كەس و هەروەها نزیكەی 250 بۆ 500 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ئەنفلۆنزاوە تۆماردەكرێت بەتایبەت لەنێوان منداڵان و بەساڵاچووان و ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

جۆرەكانی ئەنفلۆنزای وەزری:

ئەنفلۆنزای وەرزی دابەش دەكرێت بۆ چوار جۆری سەرەكی كە هەندێكیان تووشی مرۆڤ دەبێت و هەندێك جۆری دیكەشیان تووشی ئاژەڵ دەبێت ئەوانیش:

- ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی جۆری (A  و  B) هۆكاری نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەزرین كە ساڵانە لەوەزری پایز و زستاندا بڵاودەبێتەوە.
- ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای جۆری (C) تووشی مرۆڤ دەبێت و هۆكاری ئەنفلۆنزایە بەدرێژایی ساڵ.
- ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای جۆری (D) تووشی ئاژەڵ دەبێت و بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە.

نیشانەكانی ئەنفلۆنزای وەرزی:

* بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بەشێوەیەكی كتوپڕ و كۆكە و پژمین.
* سەرئێشە و دروستبوونی ئازار لەماسولكە و جومگەكان و ئارەق كردنەوە.
* گێژبوون و هەوكردنی قوڕگ و زیادبوونی دەردراوی لووت.

گواستنەوەی ئەنفلۆنزای وەرزی:

ئەنفلۆنزای وەرزی بەئاسانی دەگوازرێتەوە و بەخێرایی بڵاودەبێتەوە لەشوێنە قەرەباڵغەكان لەوانە خوێندنگاكان و شوێنە گشتیەكان، كاتێك كەسێكی تووشبوو دەكۆكێت یاخود دەپژمێت ئەوا ڤایرۆسەكە بەناو هەوای ئەو شوێنە بڵاودەكاتەوە لەنێوان ئەو كەسانەی لێوەی نزیكن و هەڵیدەمژن.
ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا لەرێگەی دەستدان لەشوێنە پیسبووەكان بە ڤایرۆس و دواتر دەست لێدان لەچاو و لووت و دەم بڵاودەبێتەوە، بۆ بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە پێویستە كەسانی تووشبوو لەكاتی كۆكین و پژمین دەم و لووتیان داپۆشن.

ئەو كەسانەی ئەنفلۆنزا مەترسیان لەسەر دروست دەكات:

ئەنفلۆنزای وەرزی كاریگەری توندی دەبێت لەسەر ژنانی دووگیان و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ و كەسانی بەتەمەن و ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەك كەسانی تووشبوو بە ئەیدز و رەبۆ و نەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان لەگەڵ ئەو كەسانەی لەبواری تەندروستیدا كاردەكەن. 

خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزای وەرزی:

كوتان سەركەوتووترین رێگاچارەیە بۆ دووربوون لەتووشبوون بە ئەنفلۆنزا و كاریگەرییەكانی، بەدرێژایی 60 ساڵی رابردوو كۆمەلێك ڤاكسینی سەركەوتوو دژی ئەنفلۆنزا بەرهەم هێنراوە.

- ساڵانە بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی ئەنفلۆنزای وەزری بە بەردەوامی.
- شووشتنی دەستەكان بە باشی و بەئاو و سابون بەرێكخراوی.
- دووركەوتنەوە لە دەست لێدانی ڕاستەوخۆ لەچاو و دەم.
- دووركەوتنەوە لەبەركەوتنی ڕاستەوخۆ لەكەسی تووشبوو یاخود بەكارهێنانی كەلوپەلەكانی.
- بەكارهێنانی كلێنكس لەكاتی پژمین و كۆكە و دواتر فرێدانی.
- پاككردنەوەی بەردەوامی شوێنەكان وەك مێز و كورسی دانیشتن.
- دووركەوتنەوە لەشوێنە قەرەباڵغەكان لەكاتی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا.

چارەسەری ئەنفلۆنزای وەرزی:

* بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی ئەنفلۆنزا باشترین رێگاچارەی خۆپاراستنە.
* هەندێك كەس لەكاتی تووشبوون بەبێ بەكارهێنانی چارەسەر چاك دەبنەوە.
* بەكارهێنانی دەرمانی دژە ئەنفلۆنزا بەسوودە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری نەخۆشیەكە و دروستبوونی مەترسی بەتایبەت بەكارهێنانی دەرمان لەدوای 48 كاتژمێری دەركەوتنی نەخۆشیەكە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی رێنوێنی دەدات ساڵانە ڤاكسینی دژی ئەنفلۆنزا بدرێت بەهەندێك كەس لەوانە ژنانی دووگیان و منداڵانی تەمەن 6مانگ بۆ 5 ساڵ و كەسانی بەتەمەنی سەروو 65 ساڵ و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان و كارمەندانی تەندروستی.

كەی پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت:

زۆرینەی تووشبووانی ئەنفلۆنزای وەزری تەنیا پێویستیان بە پشودانە لەماڵەوە لەگەڵ خواردنەوەی بڕێكی زۆر شلەمەنی، بەڵام لەهەندێك حاڵەتدا پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

ئا: كارزان عەبدوڵا
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 2905 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:19:29/10/2019