نەشتەرگەری بەبێ پەرستار ئەنجام نادرێت




تایبەت " تەندروستی "


نەشتەرگەری  بەهەموو جۆرەكانیەوە پەیوەستە بەژیان و مردنەوە، یەكێكە لەئەركە گران و تاقەت پڕوكێنەرەكانی كاری پزیشكی و كاری گروپ كەبەبێ هاوكاری و ڕۆڵی پەرستاران زەحمەتە نەشتەرگەریەكان بتوانرێت بەسەركەوتوویی ئەنجام بدرێت.


لەبارەی ڕۆڵی پەرستار لەنەخۆشخانەكان و گروپە پزیشكیەكان لەئەنجامدانی نەشتەرگەریە جۆراوجۆرەكان، سایتی " تەندروستی" چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ شاهیدە ئەحمەد محەمەد پەرستاری پێشكەوتوو و ڕاهێنەر لەنەخۆشخانەی منداڵ بوون لەبەشی نەشتەرگەری ئەنجام داو ناوبراو ئاماژەبەوەدەكات 41 ساڵ خزمەتی لەبوارەكەدا هەیە و چەندین ڕاهێنانی زانستی لەناوخۆ و دەرەوە بینیوە و لەئێستادا وەك ڕاهێنەرێك لەهەوڵی پێشخستنی و بەرەوپێشچونی كاری پەرستاریدان و ماوەی ساڵێكە لەنەخۆشخانەكە بەهاوكاری و یارمەتیدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵ بوون ڕاهێنان بەو پەرستارانە دەكات كەلەنەخۆشخانەكە خزمەت بەكەرتی تەندروستی دەكەن.

ئەوپەرستارە بەئەزمونە دەڵێت ماوەی چەند ساڵێك لەبەغدا لەگەڵ ئەمریكی و ئێرلەندییەكان كاری كردووە و شارەزایی لەوانەوە وەرگرتووە، شێوازی ئیشكردنی كاری پەرستاری لای خۆمان جیاوازبووە لە ئەوروپیەكان و ئێستاش ئەوان دەیانەوێت بەڕاهێنانیان بەپەرستارەكان شێوازی كاركردنیان پێشبخەن و بگۆڕن، ئەو دەرفەتەی بۆ ئەو ڕەخسا دەیەوێت بیگوازێتەوە بۆ هاوڕێ و هاوپیشەكانی لەدەزگا تەندروستیەكانی شارەكە و دواتریش بەرنامەی هەیە بیگوازێتەوە بۆ قەزاو ناحیەكان تائاستی پەرستاری لەسلێمانی و دەوروبەری پێشبخەن و بەرزبكەنەوە.

پەرستار شاهیدە ئەحمەد تایبەت بۆ سایتی " تەندروستی" دەڵێت یەكەم هەنگاویان لەنەخۆشخانەی منداڵ بون دەستیان پێكردووە، هەرچەند لەكاتی نەشتەرگەریەكان هەر پەرستارێكی لەگەڵدا بووبێت  فێری كردووە یاخود راهێنانی نوێی پێداوە لەسەر كارەكە.

ئەو پەرستارە وتیشی: یەكێك لەو پرسە گرنگانەی ئەوان خستیانە بەرنامەی كاركردنیانەوە لە نەخۆشخانەكە كە لەسەرئاستی عیراقیش نەكراوە بابەتی ئەوەیە ئەو ڕۆژەی پەرستارەكان خەفەردەبن بۆ ڕۆژی دواتر بۆماوەی نیوكاتژمێر كۆبونەوەیەك لەهۆڵی نەخۆشخانەكە ئەنجام دەدرێت بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە تا ئەو گرفتانەی دروست دەبێت لەكاتی خەفارەتەكەدا چارەسەربكرێت یاخود چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و گرفتەكان لەئان و ساتی خۆیدا چارەسەر بكرێن، میتینەكە یەكەم هەنگاو لەنەخۆشخانەی منداڵ بوونەوە دەستی پێكردوە.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوپەرستارە پێشكەوتووە لەبارەی گرنگی كاری پەرستاری لە ناو دەزگا تەندروستیەكان  ئاماژەبەوەدەكات هیچ نەشتەرگەریەك نیە بەبێ ڕۆڵی پەرستار لەنەخۆشخانەكان ئەنجام بدرێت، دەتوانن بڵێن كاری پەرستاری تەواو كاری كاری پزیشكە بەڕێزەكانە، پێویستە پەرستار زۆر جدی تر بێت لەپزیشك بۆئەوەی پزیشكەكان بتوان نەشتەرگەریەكە بەپوختی ئەنجام بدەن.

ئا: ئەنوەرحەمەغەریب  - مەریوان جەمال
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی





ئه‌م بابه‌ته 3145 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:38:04/03/2019