كاردەكرێت بۆ كەمكردنەوەی هەندێك دیاردە و گرفتی تەندروستی



تایبەت " تەندروستی "

دیاردە و حاڵەتەكانی وەك توندوتیژی و گرفتی تەندروستی كاریگەریان لەسەر تەندروستی تاك و دواتر كۆمەڵگا هەیە، ئەوانە ناوەرۆكی سیمینارێكی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بوو كە بەئامادەبوونی پزیشكان و میدیاكاران و نوێنەری ڕێكخراوەكانی ژنان بەرێوەچوو.

لەسیمینارەكەدا تیشك خرایەسەر زیادبوونی ڕێژەی مناڵبوون بە نەشتەگەری لەگەڵ بەردەوامبوونی خەتەنەكردنی كچان لەشوێنە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها لێدان و ئەنجامدانی توندوتیژی جەستەی و دەروونی لەبەرامبەر تاكەكان بەتایبەتی بەرامبەر ڕەگەزی مێینە.

د. سایە حەسەن لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی ناوەرۆكی سیمینارەكەوە بۆ سایتی " تەندروستی " ووتی: سیمینارەكە تایبەت بوو بەخستنەڕووی ئاماری ساڵانە كەلەلایەن چەند تیمێكەوە لەسەر تەندروستی ژنان و مناڵبوون ئەنجام دراون لەسنووری پارێزگای سلێمانی.

وتیشی: ئەوەی بەلای ئەوانەوە زیاتر جێگەی نیگەرانی و هەڵوێستە لەسەركردنە ئەوەیە ڕێژەی لەدایكبوون بەنەشتەرگەری زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بەساڵانی رابردوو، هەروەها خەتەنەكردنی كچان ڕێژەكەی چاوەڕوان نەكراوبوو كەجێی نیگەرانی ئەوان بوو.

هاوكات د. ڕۆژگارعەبدوڵا سەلیم بەرپرسی تەندروستی دایك و كۆرپە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەوەڵامی پرسیارەكانی سایتی" تەندروستی " رایگەیاند: ئامارەكانی خەتەنەكردنی كچان دڵخۆشكەرن كەڕێژەكە بەرەو كەمبوونەوە چووە و ئەگەر كۆمەڵگا بەم ڕێچكەیە بڕوات بێگومان تاوەكو 10 ساڵی دیكە خەتەنەكردنی كچان بەرەونەمان دەچێت و بنبڕدەبێت.

د. ڕۆژگار وتیشی: ئەو خزمەتگوزاریەتەندروستیانەی لەدەزگا تەندروستیەكان پێشكەش دەكرێن و پەیوەندی هەیە بەتەندروستی  ئافرەت بەتایبەتی لەتەمەنی زاووزێ و كاتی دووگیانبوون و كاتی لەدایك بوونی منداڵ تائاستێكی باش جێی دڵخۆشیە ،لەهەمانكاتدا ئەوان خاڵە نەرێنیەكانیش دەخەنەڕوو كەپێویستە وەزارەتی تەندروستی ئیشی لەسەربكات بۆ كەمكردنەوەی وەكو منداڵبوون بە نەشتەرگەری كەئێستا بەپێی ئامارەكان ئەم حاڵەتە زیادی كردووە.

لای خۆیەوە هانا شوان ڕۆژنامەنووس لەبواری كۆمەڵایەتی و ژنان و بەشداربووی سیمینارەكە  بۆ سایتی " تەندروستی" بۆچوونی خۆی خستەڕوو لەبارەی ئەو ئامار و داتایانەی لە سیمینارەكەدا خرانەڕوو و ڕایگەیاند: ئامارەكان زۆر سەرنج ڕاكێش بوون ،هەندێكیان مەترسیداربوون و هەندێكیشیان زۆر دڵخۆشكەربوون.

وتیشی: یەكێك لەو داتایە مەترسیدارانە بریتی بوو لەزیادبوونی ڕێژەی لەدایك بوون بە نەشتەرگەری، كە ئەمە مەترسیەكی گەورەی دروستكردووە لەسەر دایكان و منداڵەكانیان، هەروەها جێی دڵخۆشییە كەڕێژەی خەتەنەكردنی كچان كەمی كردووە و بەرەو كەمبوونەوە چووە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 998 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:04:07/02/2019