ئێمێرجنسی سلێمانی 5858 پەلی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دروستكردووە


تایبەت " تەندروستی"


مێژووی دامەزراندنی مەڵبەندی ڕاهێنانەوەی ئێمێرجنسی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ 1/1/1998 و دوای بیست ساڵ لەدامەزراندنی ئەو مەڵبەندە، سایتی " تەندروستی" ئاماری كار و چالاكیەكانی ئەو مەڵبەندە دەخاتەڕوو كە پیشكەش بەخاوەن پێداویستە تایبەتەكان كراوە.

ژمارەی ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانەی پەلەكانیان لەدەستداوە و لە مەڵبەندی راهێنانەوەی ئێمێرجنسی بۆیان دروستكراوەتەوە (5858) كەس بوون و (757) كەسیان لەڕەگەزی مێ و (5101) دیكەیان لەڕەگەزی نێر بوون.

بەپێی ئاماری مەڵبەندەكە لەو ژمارەیەی پەلیان بۆ دروستكراوە لەمەڵبەندی ڕاهێنانەوەی ئێمێرجنسی سلێمانی (3885) كەسیان لەقوربانیانی جەنگ و تەقەمەنی و مین بوون كەبەشێك یاخود یەكێك لەئەندامەكانی جەستەیان لەدەستداوە، (1973) كەسیان لەقوربانیانی رووداوەكانی هاتوچۆ و نەخۆشیەكانی وەك شەكرەو هۆكاری جۆراوجۆری دیكە بوون.

ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی بەشێك لەجەستەیان لەدەستداوە چەندین جارسوودمەند بوون لەخزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەكانی مەڵبەندی ڕاهێنانەوەی ئێمێرجنسی سلێمانی، لەو ژمارەیەی خراوەتەڕوو (1187) كەس پەلی سەرەوە واتە  دەستیان بۆدروستكراوە،(8929) كەسیان پەلی خوارەوە واتە قاچیان بۆ دروست كراوە ،(1100) كەسیش پاڵپشتیان بۆ دروستكراوە واتە یارمەتیدەر بۆتەنیشتی قاچەكان كە كەسەكە نەیتوانیوە لەسەر قاچەكانی خۆی بگرێت و كەوتووە بەم دیودیودا، (53059) كەسیش چارەسەری سروشتیان بۆكراوە.

لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا (37) خولی ڕاهێنانی پیشەیی جۆراوجۆر بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لەمەڵبەندی ڕاهێنانەوەی ئێمێرجنسی سلێمانی كراوەتەوە ، كە (585) كەس سوودمەندبوون.

مەڵبەندەكە بەهاوكاری ڕێكخراوی ئێمێرجنسی ئیتالی (373) وەرشەی جیاوازی لەدارتاشی و بەرگدروو و ئاسنگەری بۆ بەشداربووەكانی لەشوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان كردۆتەوە بەدابینكردنی پێداویستییەكان و پێدانی كرێی سێ مانگی یەكەمی وەرشەكان و مووچە تاوەكو خودی بەشداربووەكە شارەزایی پەیداكردووە و هەموو پاڵپشتییەكی ماددی و مەعنەوی كراون لەو ڕێژەیەش كە لەخولەكاندا بەشداربوون (119) كەسیان لەڕەگەزی مێ و (466) كەسی دیكەیان لە ڕەگەزی نێربوون.

ئا: ئەنوەر حەمە غەریب
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی

AM:11:33:05/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 697 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2019. tendrwsti.com . All Rights Reserved.