رۆڵی خۆراك لەتەندروستیەكی باش و دووركەوتنەوە لەنەخۆشی



تایبەت " تەندروستی"

خۆراك لەبەهێزكردن و دروستكردنی جەستەیەكی تەندروست رۆلێكی گرنگی هەیە و دەبێت گرنگی بدرێت بەماددە خۆراكیەكان لەژەمەكان و كاتە جیاوازەكاندا.

كارێكی باش نیە ئەگەر مرۆڤ خۆراك تەنیا بۆ تێركردن بخوات، پێویستە لەوە بەئاگابێت بەشە جیاوازەكانی جەستەی چ جۆرە ماددەیەكی خۆراكی پێویستە. 

د.بینایی كامەران پسپۆڕی تەندروستی خۆراك تایبەت بەسایتی" تەندروستی" راگەیاند: خۆراك زۆرگرنگە، هەموو ئەوماددە خۆراكیانەی بەكاریان دەهێنین بەتەنیا بۆ تێركردن نیە،لەجەستەی مرۆڤدا بەملیارەها خانە هەیە و ئەركی جیاوازیان هەیە وەك خانەی چاو، پێست و مێشك و جگەر، دڵ، هەموو شوێنەكانی دیكەی مرۆڤ ،هەموو ئەم بەشانەی جەستە پێویستی بەوەهەیە ڕۆژانە ماددەی خۆراكی پێ بدرێت تاهەریەكەیان ئەركی خۆیان ئەنجام بدەن، بۆیە ئەگەر كەمی ماددەكان لەجەستە نەدۆزرێتەوە، دواجار لەمرۆڤدا دەیكاتە نەخۆشی و بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

د.بینایی كامەران وتیشی: پێویستە لەسەر مرۆڤ كەڕۆژانە ماددەخۆراكیەكان دەخوات بزانێت چی دەخوات و بۆچی دەیانخوات واتە لەسوود و زیانەكانی بەئاگابێت و هۆشیاری تەندروستی هەبێت لەسەریان، گونجاونیە خۆراك تەنیا بۆ تێركردن بخورێت،بەڵكو دەبێت بزانرێت بەشەكانی جەستە ڕۆژانە پێویستی بە چ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەكە.

ئەو پسپۆڕەی خۆراك ئاماژەی بەوەكرد یەكێكی دیكەی لەگرنگیەكانی خۆراك ئەوەیە بەرگری لەجەستەدا دروست دەكات، لەڕێگەی خۆراكی تەندروستەوە دەتوانیت ڕێگری بكرێت یاخود دوور بیت  لەهەموو ئەو جۆرە نەخۆشیانەی ئێستا تووشی مرۆڤەكان بونەتەوە، لەڕێگەی ماددە خۆراكیەكانەوە دەتوانرێت هاوسەنگیەك لەنێوان كانزانكان و ڤیتامینەكان دروست بكرێت بەو ماددە خۆراكیانەی لەش پێویستیەتی.

د.بینایی كامەران ئەوەی خستەڕوو ئاستی هۆشیاری خەڵك تایبەت بەماددە خۆراكیەكان نزمەو هەروەها میدیاكانیش ئەو بابەتانەی بڵاوی دەكەنەوە هیچ توێژینەوەیەكی زانستی لەسەرنیە، ئەو جۆرە ماددانەی بڵاودەكرێنەوە لەبارەی باشی و خراپی بۆ نەخۆشیەكان بنەمای زانستییان نیە، زۆرجار ئەم زانیارییە هەڵانە مرۆڤ تووشی نەخۆشی دیكە دەكات، هەروەها كۆمەڵانی خەڵك زۆر بەدوای ڕێگاكانی چارەسەركردن ناگەڕێن لەتوشبوون بەنەخۆشییەكان، خەڵك زۆر سەردانی پزیشكی پسپۆڕی خۆراك ناكەن و بەناچاری ئەو زانیاریە هەڵانە لەبارەی ماددە خۆراكیەكان پەیڕەودەكەن كەلەمیدیاكانەوە بەبێ ئاماژەدان بەسەرچاوەی توێژینەوەكان بڵاوی دەكەنەوە.

ئا: ئەنوەر حەمە غەریب
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1330 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:01:29/11/2018