چەند زانیارییەك لەبارەی ڤاكسینی سینۆفارم





تایبەت " تەندروستی "

ڤاكسینی سینۆفارمی چینی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستكراوە و لەلایەن ژمارەیەك وڵات ڕەزامەندی بەكارهێنانی وەرگرتووە لەوانە عیراق و میسر و ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و ئوردن و جەزائیر و ئێران و پاكستان و هەنگاریا و ئەرژەنتین و پیرۆ.

ڤاكسینی سینۆفارم ناوەكەی Sinopharm Vaccine و ناوە بازرگانیەكەی بریتیە لە BBIB-Crov یەكێك لەو ڤاكسینانەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستكراوە لەلایەن گروپی نیشتمانی چین بۆ پیشەسازی دەرمان و لەرێگەی دەرزی لێدان لەماسولكە بەكاردێت.

لەمانگی كانوونی یەكەمی 2020 ئەو ڤاكسینە قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەی لەهەریەك لەوڵاتانی ئەرژەنتین و بەحرەین و میسر و مەغریب و پاكستان و پیرۆ و ئیمارات دەستپێكرد لەسەر زیاتر لە 60 هەزار كەس و لەهەمان ماوەدا نزیكەی 100 هەزار كەس لەئیمارات ئەو ڤاكسینەیان وەرگرت وەك بەشێك لەپرۆگرامێكی خۆبەخشانە و لەناوخۆی چین نزیكەی یەك ملیۆن كەس ئەو ڤاكسینەیان پێدرا. 

لەمانگی تەمووزی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی چین دەستیانكرد بە پێدانی ڤاكسینی سینۆفارم بەفەرمانبەرانی حكومی كە گەشت دەكەن لەگەڵ خوێندكاران و لەڕێكەوتی 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەحرەین ڕەزامەندی بەكارهێنانی لەناكاوی دایە ڤاكسینی سینۆفارم و شازادەی بەحرەین و زۆرێك لە وەزیرەكان و لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ڤاكسینەیان وەرگرت.

لە9ی كانوونی دووەمی 2020 لەئیمارات ڤاكسینی سینۆفارم بەڕەسمی تۆماركرا دوای ئەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی سێیەم دەركەوت چالاكە بەرێژەی لە86% دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەریەك لەسەرۆك وەزیرانی ئیمارات و حاكمی دوبەی ئەو ڤاكسینەیان وەرگرت.

لەرێكەوتی 12ی كانوونی 2020 لەوڵاتی پیرۆ تاقیكردنەوەكان لەسەر ڤاكسینی سینۆفارم ڕاگیرا دوای دروستبوونی زیانێكی لاوەكی لەسەر یەكێك لەخۆبەخشەكان و پاش چوار رۆژ تاقیكردنەوەكان دەستی پێكردەوە.

لە14ی كانوونی یەكەمی ڕابردوو عەبدولڕەحمان عویس وەزیری تەندروستی ئیمارات بڵاویكردەوە ڕەزامەندیان داوە لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینی سینۆفارم دوای ئەوەی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی سێیەم سەركەوتووبوون و دەركەوتووە ڤاكسینەكە چالاكە و وەڵامدانەوەیەكی بەهێزی هەبووە و بۆتە هۆی دروستبوونی دژە تەن دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی زانیاریەكانی دەسەڵاتدارانی چین 53 وڵات سوودمەند دەبن لەبەكارهێنانی ڤاكسینی سیۆنفارم و گرێبەستی هەناردەكردن لەگەڵ 22 وڵات كراوە و تاوەكو مانگی ڕابردوو زیاتر لە 43 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی سینۆفارم لەناوخۆی چین و وڵاتانی دەرەوە بەكارهێنراوە.

ڤاكسینی سینۆفارم دەتوانرێت لەپلەی ئاسایی گەرمی هەڵبگیرێت و لەدروستكردنی پشت بەستراوە بەشێوازی بەكارهێنانی ڤایرۆسی ناچالاك كە دەیان ساڵە ئەو شێوازە لەدروستكردنی ڤاكسینە سەركەوتووەكان دژی پەتاكان بەكاردەهێنرێت هاوشێوەی ڤاكسینی هەوكردنی جگەر و دفتیریا و ئیفلیجی منداڵان.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە ڤاكسینی سینۆفارم پێكهاتووە لەسێ جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڤایرۆسێكی گۆڕدراو و زانایان ماددەی بیتا برۆبیولاكتۆنی كیمیاییان بۆ زیادكردووە بۆ پەكخستنی زیادبوونی ڤایرۆسەكە و پاشان پێكهاتەی ئەلومنیۆم یان بۆ زیادكردووە بۆ هاندانی كۆئەندامی بەرگری.

ڤاكسینی سینۆفارم لەدە وڵات تاقیكراوەتەوە ولەكاتی وەرگرتنی هانی كۆئەندامی بەرگری دەدات بۆ دروستكردنی دژە تەن دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەوە رێگری دەكات لەوەی ڤایرۆسەكە بچێتە نێو خانەكانەوە.

پێدەچێت ڤاكسینی سینۆفارم هەندێك كاریگەری لاوەكی هەبێت لەوانە دروستبوونی ئازار لەشوێنی لێدانی ڤاكسینەكە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەستكردن بە هیلاكی و ئازاری ماسولكەكان و زۆرینەی جار ئەو كاریگەرییانە لادەچێت بەبێ وەرگرتنی چارەسەر.

ڤاكسینی سینۆفارم گونجاوە بۆ بەكارهێنانی بۆ كەسانی لەتەمەنی سەروو هەژدەساڵ و ئەو كەسانەی هەستیاری توندیان هەیە بەرامبەر ڤاكسین و مەوادەكانی دیكە و ژنانی دوو گیان و شیردەر نابێت ئەو ڤاكسینە وەربگرن.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 3032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:10:17/03/2021