بەچەند رێكارێك كۆرۆنا لەدەربەندیخان كۆنترۆڵ كرا




تایبەت " تەندروستی"

پاش دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەهەرێمی كوردستان و دەركەوتنی چەند حاڵەتێكی تووشبوون، بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەرزوو هەموو رێكارێكی پێویستی گرتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و رێگرتن لەبڵاوبوونەوەی بەشێوەی بەرفراوان.


ئامانجی ئەو رێكارانەی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كە گیرانەبەر بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردن و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو ، هەربۆیە پارێزگای سلێمانی كرایە چەند زۆنێك ، یەكێك لەوانە زۆنی (شارەزوور + دەربەندیخان) بوو كەلەلایەن د.محەمد دڵشاد جێگری بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرپەرشتی دەكرێت.

سەرەتا یەك حاڵەتی تووشبوون بەكۆرۆنا لەدەربەندیخان دەركەوت و نێردرا بۆ سلێمانی و رێكاری پێویست گیرایەبەر بۆ دۆزینەوەی بەركەوتەكانی ئەو كەیسە.

لەرێگەی تیمی بەدواداچوونی كۆرۆنا و سامپڵ لەبەركەوتەكان وەرگیرا و دەركەوت چەند حاڵەتێكی پۆزەتیڤ لەبەركەوتەكاندا هەیە و ئەوانیش نێردران بۆ سلێمانی و بەركەوتەكانیان لەماڵەكانی خۆیان بەهاوكاری ئیدارەی دەربەندیخان و هێزە ئەمنیەكان و ئاسایش كەرەنتین كران .

دوای تۆماركردنی تووشبوون بەكۆرۆنا قەزای دەربەندیخان وەك زۆرنی گەرم دانرا وەك شوێنێك كە ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا بڵاوبۆتەوە و پێویست بوو رێكارەكانی خۆپارێزی و پشكنین و گەڕان بەدوای بەركەوتەكان چڕبكرێتەوە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخەكە قەدەغەی هاتوچۆی توند لەدەربەندیخان ڕاگەیەنرا و پێنج تیمی تایبەت بۆ كۆرۆنا دروستكرا و پێنج تیم لەسلێمانیەوە نێردرا و بەركەوتەكان دۆزرانەوە و سامپڵ لەزیاتر لە 150 كەس وەرگیرا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە.

ئیدارەی دەربەندیخان و هێزە ئەمنیەكان و ئاسایش و ئیدارەی تەندروستی ئەو قەزایە هاوكاربوون لەسەرخستنی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و هەروەها هاوكاری خەڵكی دەربەندیخان جێی دەستخۆشیە كە پابەندبوون بە رێكارەكانی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و خۆپارێزی و توانرا دۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت و ئەو ترسەی هەبوو لەدەربەندیخان كەمێك بڕەوێتەوە.

ئەوە مانای كەمكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی نیە، بەڵكو پێویستە هاوڵاتیان زیاتر پابەندبن بە رێنماییە تەندروستیەكان و ئێستاش گەڕان بەردەوامە و سامپڵ وەردەگیرێت و كاری پێویست ئەنجام دراوە بۆ دەرمان رێژكردنی شوێنە گشتیەكان و ئەو شوێنانەی حاڵەتەكانی تووشبوون بەكۆرۆنای لێ دەركەوتووە.

تێكڕای تووشبووانی كۆرۆنا لەدەربەندیخان 31 حاڵەت بوو و ژمارەیەكیان چاكبوونەتەوە و تەنیا 8 تووشبوو ماوەتەوە كە باری تەندروستیان جێگیرە و بەم نزیكانە دەگەرێنەوە بۆ ناو خێزانەكانیان.

هاوكات لەقەزای شارەزوور یەك حاڵەتی تووشبوون بەكۆرۆنا هەبوو و هەمان رێكارەكانی دەربەندیخان لەشارەزوور گیرایەبەر و سامپڵ لە بەركەوتەكان وەرگیرا و هەموویان نێگەتیڤ بوون و رێكارەكانی خۆپارێزی بەردەوامە و ئەو شوێنانەی حاڵەتەكانی تووشبوون بەكۆرۆنای لێ دەركەوتووە دەرمان ڕێژكراوە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 2474 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:48:14/04/2020