داتای تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە ئامادە دەكرێت



تایبەت " تەندروستی "

بەسەرپەرشتی هۆبەی كۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كۆبونەوەیەك لەگەڵ لیژنەی تۆماری شێرپەنجە ئەنجام درا.

كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتی د.محەمەد عەبدولوەهاب لێپرسراوی هۆبەی كۆنتڕۆڵكردنی شێرپەنجە بەڕێوەچوو و تیشك خرایەسەر شێواز و میكانیزمی نوێی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی باشتر كۆنترۆڵكردنی شێرپەنجە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری.

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەكەدا زانیاری پێویست و گرنگ خرایەڕوو لەبارەی چۆنیەتی كۆكردنەوەی داتای تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە كە ئەم شێوازە لەساڵی داهاتوودا هەنگاوی سەرەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەبێت لەدیاری كردنی نەخۆشیەكە و ڕێژەكەی لەناوچە جیاوازەكان بەمەبەستی دیاری كردن و دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی  تووشبوونی هاوڵاتیان بەشێرپەنجە.

ئامار و داتای تایبەت بەتووشبووانی شێرپەنجە لەڕێگەی لیژنەیەكەوە سەرپەرشتی دەكرێت كە لەناونەخۆشخانەكان دەستنیشان كراون بۆ ئەو ئەركە.

ئا: ئەنوەر حەمە غەریب - هاوكار سەڵاحەدین
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی








ئه‌م بابه‌ته 931 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:21:29/10/2019