ژووری مناڵبوون بەبێ ئازار لە نەخۆشخانەی مناڵبوون كرایەوە





تایبەت " تەندروستی "

لەمەراسیمێكدا بەئامادەبوونی د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسانی تەندروستی ، ژووری مناڵبوون بەبێ ئازار لەناو نەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری سلێمانی كرایەوە. 


لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا د. شلێر فایەق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری ووتی: ئەم خزمەتگوزاریە نوێیە بریتیە لەغازی ئەنتۆنۆكس كە تێكەڵەیەكە لەغازی ئەنترۆئۆكساید لەگەڵ ئۆكسجین و لەوڵاتاندا زۆر بەكاردێت و ئەو كەسانەی  لەئازاردان بەهەڵمژینی غازەكە ئازارەكەیان كەم دەبێتەوە.

وتیشی: ماوەی زیاتر لەساڵێكە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەم پڕۆژەیەن ، ویستیان منداڵبوونی بێ ئازار بێننە نەخۆشخانەی مناڵبوون بەهۆی ئەوەی ڕێژەی منداڵبوون بەنەشتەرگەری زیادی كردووە، ئەم هەنگاوە یەكێكە لەو ڕێگاچارانەی مەترسی لەدایكبوون بەشێوەی سروشتی كەم دەكاتەوە.

د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: تەندروستی سلێمانی مێژوویەكی نوێ لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكی تازە دەست پێدەكات كە بەكارهێنانی غازە لەكەمكردنەوەی ئازار بۆلەدایك بوونی منداڵ بەشێوەی سروشتی و ئەم جۆرە غازە تاقیكراوەتەوە كەهیچ جۆرە زیانێكی نابێت لەسەر دایكەكە و مناڵەكەی.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دڵنیایی دایە هەموولایەك كەتێچووی غازەكە هەرچەندێك بێت لەئەستۆی دەگرن و دابینی دەكەن. 

ئا:  ئەنوەرحەمەغەریب - هاوكار سەڵاحەدین
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی










ئه‌م بابه‌ته 4324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:53:28/07/2019