ئەكزیما ئەو نەخۆشیەی تووشی منداڵ و گەورە دەبێت




تایبەت " تەندروستی "

ووشكە بیرۆ یان ئەكزیما لەمنداڵ سەرەتا لەتەمەنی دوومانگی ئەگەری هەیە دەربكەوێت یان دوو ساڵی، ئەو نەخۆشیە لەگەورەشدا روو دەدات بەهۆی زۆر خۆشووشتن و بەكارهێنانی سابون و ئەو شامپۆیانەی بۆنی تێدایە و ئەوەش وادەكات پێست ووشك بێت و تووشی ئەكزیما ببێت.

لەبارەی هۆكار و نیشانەكانی نەخۆشی ئەكزیما ، د.ژوان ئەمجەد كەمال پزیشكی پایە بڵندی پێست  تایبەت بۆ سایتی " تەندروستی " ووتی: ئەو منداڵانەی لەتەمەنی دوومانگیدان نیشانەكانی نەخۆشیەكەیان لێ دەردەكەوێت و بەشێوەی سووربونەوەی سەر روومەتەكانی هەستی پێ دەكرێت یان ئەو  منداڵانەی شەوانە گریانیان هەیە و ئەو شوێنەیان زۆر دەخورێنن و بەرزبونەوە لەسەر روومەتەكانی دروست دەبێت و سووربوونەوە دەردەكەوێت.

ئەو پزیشكە وتیشی: ئەو نەخۆشەیە لە گەورەكاندا دەردەكەوێت بە تایبەتی دەست و قاچ  دەگرێتەوە، لەمنداڵ وای لێ‌ دەكات شەوان خورانی زۆری بێت و گریانی هەبێت كەپێویستی بەچارەسەركردن و كۆنترۆكردنی حاڵەتەكان دەبێت.
چارەسەری ئەكزیما


چەند رێگایەك هەیە بۆ چارەسەری ئەكزیما كەبریتین لە:

- بەكارهێنانی دەستكێش كە ناوەكەی قوماش بێت.
- بەكارهێنانی ئیمولینتی واتە مەرهەمی تایبەت كە ماددەی گلسرینی تێدا بێت رۆژانە لەسێ جار زیاتر.
- بەكارهێنانی مەرهەمی هایدرۆكۆرتیزۆن بۆ ماوەی دوو هەفتە.
- بەكارهێنانی شامپۆ و سابونی تایبەت بەتایبەت لای منداڵان.

ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەكرد شۆردن بەشامپۆ و سابونی بۆندار كاریگەری خراپی لەسەر ئەكزیما دەبێت، واتە دەبێت دوربكەوینەوە لەبۆندارەكان، چونكە ئەمە وا دەكات جەستەی مناڵەكە زیاتر  ووشك ببێتەوە و خورانی زیاد بكات.

د.ژوان ئەمجەد كەمال دەڵێت زیاتر ئەو منداڵانە توشی ئەكزیما دەبن كەماددەی فیلانگریان كەمە كەئەو مادەیە كەم بوو بەرگری پێست كەمتر دەبێتەوە، هەروەها كۆمەڵی هۆكاری دیكەش وادەكات ئەو نەخۆشیە زیاتر بێت لەمنداڵ و گەورەدا وەك زۆر خوشتن و بەكارهێنانی سابون و ئەو شامپۆیانەی بۆنی زۆری تێدایە.

ئا: دڵسۆز ڕەزا عەلی
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 2367 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:57:15/05/2019