هۆكار و چارەسەرەكانی قەبزی منداڵ
تایبەت " تەندروستی"
قەبزی یەكێكە لەگرفتە باوەكانی منداڵان و لەهەمووتەمەنێكدا منداڵ تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت، بەزۆری لەنێوان تەمەنی خوار شەش ساڵان كێشەی قەبزیان بۆ دروست دەبێت.
د.بەكر ڕەحیم ڕەشید پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی مناڵان تایبەت بەسایتی" تەندروستی" راگەیاند: ئەو مناڵانەی قەبزن تووشی ئازار و ناڕەحەتی دەبن لەكاتی دانیشتندا و مناڵێكی ئاسایی كەقەبز نەبێت لەڕۆژێكدا لەوانەیە سێ جار دابنیشێت، لەوانەیە سێ ڕۆژ جارێك پیسایی بكات كەپیسایەكی رەق نابێت و ئاسایی دەبێت، بەڵام كەقەبزی دروست دەبێت پیسایەكی رەق و ووشك دەبێت و ئازاری هەیە ودرەنگ دادەنیشێت.
بەپێی ووتەی ئەو پزیشكە كۆمەڵێك هۆكار هەیە بۆ قەبزبوونی مناڵ ، ئەوانیش:
- هەندێكجار پەیوەندی بەكۆندامی هەرسەوە هەیە، جاری وا هەیە لەدەرەوەی كۆندامی هەرسەوەیە.
- تەسك بوونەوەیەك هەبێت یاخود جوڵەی ریخۆڵە چالاك نەبێت.
- مناڵەكە كۆمی بریندارە و هەیە ناوێری دانیشێت، چونكە هەموو دانیشتنێك ئازاری زۆری بۆ دروست دەكات.
- ئەو مناڵانەی خواردنیان كەمە و شلەمەنی كەم دەخۆن و بەزۆری حەزیان لەشیری قووتووە تووشی قەبزی دەبن.
- ئەگەر مناڵ لەدوای ساڵ و دوو ساڵەوە شیری قووتوو زۆر بخوات یاخود سەوزە و میوەكان كەم بخۆن تووشی قەبزی دەبێت.
- كەمی جووڵە و دانیشتین و هەڵسوكەوت نەكردنی زۆر.
- بەرزی رێژەی كالیسیۆم یاخود كێشەی هۆرمۆنی و لاوازی غودەكان و هەندێك نەخۆشی دیكە.
چارەسەركردنی قەبزی مناڵ:
د.بەكر ڕەحیم ڕەشید ئاماژەی بەوەكرد لەزۆربەی حاڵەتەكاندا ئەوەی گرنگە گۆڕانكاریە لە شێوازی خواردنی مناڵەكە و لەهەڵسوكەوت و چالاكی ڕۆژانەی مناڵ و رێنمایی بەدایكان دەدەن ئاوی زۆر بدەن بەمناڵەكانیان بەلایەنی كەمەوە دەبێت رۆژانە هەشت پەرداخ ئاوبخورێتەوە و سەوزە و میوە و شلەمەنیان بدەنێ.
وتیشی: لەدوای یەك ساڵەوە نابێت شیر سەرەكیترین خواردنی مناڵ بێت، ئەگەرمناڵ یەك كوپ بۆ دووكوپ شیر بخواتەوە قەبزی بۆدروست دەكات، چا كەم بخوات و خواردنی دەروەی ماڵ وەك پیپسی وجپس و بنێشت هۆكارە بۆدروست بوونی قەبزی.
ئا: دڵسۆز ڕەزا عەلی
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 1049
جار خوێنراوهتهوه
AM:11:23:14/05/2019