جۆزیف لیستەر داهێنەری پرۆسەی پاكژكردن


تایبەت " تەندروستی "


لەسەدەی نۆزدەیەمدا نەشتەرگەری مەترسی دروستدەكرد بۆ سەر ژیانی نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی هۆیەكانی بێ هۆشكردن و نەبوونی بنەماكانی پاكوخاوێنی لەكاتی نەشتەرگەری و ئەوەش هەڕەشەیەكی راستەقینەی لەسەر ژیانی نەخۆشەكان دروست دەكرد.

لەسەدەكانی رابردوودا سەرباری سەركەوتنی نەشتەرگەری، بەڵام ژیانی نەخۆش هەڕەشەی لەسەردەبوو لەداهاتوودا بەهۆی تووشبوونی بەهەوكردن و رەشبوونەوەی برین و لەو سەردەمەدا نزیكەی لەسەدا پەنجای نەخۆشەكان گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ئەو لێكەوتانەی دوای نەشتەرگەری دروست دەبوو.

ئەو پزیشكەی شۆڕشێكی لەبواری پزیشكیدا كرد

هەموو ئەوانە لەسەرەتای ساڵی 1865 گۆڕانكاریی بەسەردا هات بەهۆی پزیشكێكی بەریتانی بەناوی جۆزیف لیستەر (Joseph Lister) كە ناوبراو سەركەوتووبوو لەدانانی بەردی بناغەی پرۆسەی پاكژكردن پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەپێناو پاراستنی گیانی نەخۆشەكان لەتووشبوون بەنەخۆشی و ڕەشبوونەوەی برین كە هەڕەشەی لەژیانی نەخۆشەكان دەكرد.

ژیاننامەی جۆزیف لیستەر

جۆزیف لیستەر لەرۆژی 5ی نیسانی ساڵی 1827 لەشاری ئابتۆنی سەر بەهەرێمی ئیسكسی بەریتانی لەدایك بووە و هەر لەسەرەتای تەمەنیەوە شەیدای لێكۆڵینەوە بوو لەبونیادی لەشی مرۆڤ و ساڵی 1852 بڕوانامەی پزیشكی لەزانكۆی شاهانەی لەندەن بەدەستهێناوە و ساڵی 1861 بۆتە پزیشكی نەشتەرگەری سەرەكی لەنەخۆشخانەی شاهانەی گلاسكۆ و یەكەم كەس بووە پاكژكردن پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەكاربهێنێت و ساڵی 1877 بووە بەمامۆستا لەكۆلیژی شاهانەی لەندەن و ساڵی 1912 كۆچی دوایی كردووە.

گرنگی داهێنانی پرۆسەی پاكژكردن

لەو سەردەمەدا ژمارەی گیان لەدەستدان لەدوای نەشتەرگەری بەهۆی تووشبوون بەهەوكردن و رەشبوونەوەی برین زۆر بەرزبوو، بۆیە ئەو پزیشكە بەریتانیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵیدا بۆ گەڕان بەدوای رێگایەكی چالاك بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو كێشەیە.
جۆزیف لیستەر پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەستیكرد بەپاكژكردنەوەی جل و بەرگ و دەستەكانی و كەلوپەلەكانی نەشتەرگەری بەترشی كاربولیك (carbolic acid) و هەروەها ئەو ترشەی لەهەوای ژووری نەشتەرگەری پرژاند و پلاستەری تەڕكراوی بەو ترشە دەخستەسەر برینەكان بۆ پاراستنی.

تاقیكردنەوەی پاكژكردن لەكاتی نەشتەرگەری

جۆزیف لیستەر بۆ یەكەمجار پرۆسەی پاكژكردنی لە12ی ئابی ساڵی 1865 بەكارهێنا پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ منداڵێك بەناوی جەیمس گرینلز كەتەمەنی 11 ساڵ بوو و ئەو نەشتەرگەرییە سەركەوتنێكی بەرچاوی تۆماركرد و منداڵەكە بەتەواوی چاك بۆوە لەنزیكەی شەش هەفتەدا بەبێ ئەوەی تووشی هیچ هەوكردنێك ببێت لەدوای نەشتەرگەریەكە.

بڵاوبوونەوەی بیرۆكەی پاكژكردن

لەساڵی 1867 جۆزیف لیستەر لێكۆڵینەوەكانی لەبارەی پاكژكردن و رۆڵی لەكەمكردنەوەی رێژەی گیان لەدەستدان بڵاوكردەوە و دوای چەندین ساڵ پرۆسەی پاكژكردن پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەشێوەیەكی بەرچاو لە جیهان بڵاوبۆوە و بەهۆیەوە رێژەی گیان لەدەستدان دوای نەشتەرگەری بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بۆوە.

رۆڵی پاكژكردن لەڕزگاركردنی مرۆڤەكان

بەهۆی ئەو داهێنانە و بەكارهێنانی شێوازی پاكژكردن جۆزیف لیستەر دەستكەوتێكی بێ هاوتای بەدەستهێنا و رێژەی گیان لەدەستدان لەدوای نەشتەرگەری لەسەدا پەنجاوە دابەزاند بۆ كەمتر لەسەدا پانزدە و توانی یارمەتیدەر بێت لەڕزگاركردنی ژیانی بەدەیان ملیۆن مرۆڤ.

گرنگی داهێنانەكەی جۆزیف لیستەر

داهێنانەكەی ئەو پزیشكە بەریتانیە بووە هۆی ڕوودانی شۆرشێك لەجیهانی پزیشكی و نەشتەرگەری و جۆزیف لیستەر وەك یەكێك لەمەزنترین پزیشكەكان دادەنرێت و ناوبراو دامەزرێنەری زانستی پاكژكردنە و ئەو داهێنانە بێ وێنەیە بووە هۆی گۆڕانكاریی لەنەشتەرگەری و زانستی پزیشكی بۆ هەتاهەتایە و وەك رێزلێنانێك لەو پزیشكە ژمارەیەك خەڵاتی لەلایەن وڵاتانەوە پێ بەخشراوە و هەروەها ناوەكەی لەژمارەیەك شەقام نراوە و تەنانەت شاخێك لەجەمسەری باشوور كراوە بەناوی جۆزیف لیستەر.

ئا: كارزان عەبدوڵا
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی

AM:11:25:30/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 633 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2015. dohsuli.com . All Rights Reserved.