جۆرەكانی ڤایرۆسی ناو دەم و مەترسیەكانی بزانە



تایبەت " تەندروستی "

ڤایرۆسەكان یان پاڵاوتە ووردەكان زۆرن و  زوۆر بچوكن و لەناوكە ترشی راپبۆسی و بەرگی پرۆتین پێك دێن،  ڤایرۆسەكان تووشی زۆر نەخۆشیمان دەكات.

هەندێك لەڤایرۆس و بەكتریای جۆراوجۆر هەیە كە دەبنە هۆی نەخۆش كەوتنی دەم و شەویلگە و پووك و مەترسی لەسەر تەندروستی كەسانی تووشبوو دروست دەكات. 

لەوبارەیەوە  د.تاڤگە ئەنوەر مەحمود پسپۆری نەخۆشیەكانی دەم وددان وپووك لە دیدارێكدا لەگەڵ سایتی " تەندروستی" ڕایگەیاند ناودەم شوێنی چەندین جۆری بەكتریا و ڤایرۆسە بەپێی بۆگونجاندانیان كەسەكە تووشی نەخۆشی دەكەن، ئەو ڤایرۆسانەی برین و هەوكردن لەناودەم دروست دەكەن بریتین لە: 

1- (hers simplex) جۆرێكی ڤایرۆسە كەدەبێتە هۆی هەوكردن و هەڵاوسانی پووك و زمان و مەڵاشوو لەگەڵ ئەوەدا كەسی تووشبوو تای لێدێت و سەرئێشە و هەڵئاوسانی لیمفە گرێیەكانی دەوری مل لەگەڵ تووشبوونی بە بێتاقەتی و بێ توانایی لەخواردن و خواردنەوە بەهۆی ئازاری زۆرەوە، بۆیە پێویستە نەخۆشەكە ناودەمی پاك رابگرێت و ددانەكانی بشوات و ئازارشكێن بەكاربهێنێت و ئەو نەخۆشیە بەشێوەی ئاسایی ماوەی 5-7 رۆژدەخایەنێت و ئەگەر زۆری خایاند (anti virus) بەكاردێنێت بۆ چاكبوونەوە.

2- (varicella- zoster) جۆرێكی تری ڤایرۆسە و وێڕای دروستكردنی برین لەسەر پێست، لەناوپۆشی دەم و پووك و زمان و مەڵاشو برین دروست دەكات و سووردەبێتە كەزۆر بەئازارە، بۆ چارەسەركردن پێویستە ئازار شكێن بەكاربێت و پاك راگرتنی دەم و ددان لەو كاتەدا تاوەكو بەرەو چاكبوونەوە هەنگاو بنێت.

3- (Epstein – barrcytemegale virus) ئەم جۆرە ڤایرۆسە پەڵەی سپی و سوور لەزمان و ناوپۆشی دەم و بڵق دروست دەكات و كاتێك بڵقەكان دەتەقن دەچنە ناو لیكی كەسەكە و بڵاودەبێتەوە، مەترسی زۆر هەیە بۆ ناو دەم و بۆری خواردن.

4- (enteroviruse) جۆرێكی ڤایرۆسی گەدەیە كەدەركەوتەی هەیە لەناو دەمدا و بڵق و برین دروست دەكات لەرێگەی دەم و كۆمەوە دەگوازێتەوە.

5- (mumps) دەبێتە هەڵاوسانی لایەكی مل و لیمفە گرێكانی ژێر مل و هەڵاوسان و خوێن لێهاتنی پووك و ناودەم و  ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لەش و دەبێتە هەوكردنی پووكی ددان و شانەكانی دەوری پووك و برینی ژێر زمان و ناوپۆشی دەم.

د.تاڤگە ئەنوەر مەحمود ئاماژەی بەوەكرد ئەو جۆرانەی ڤایرۆس دەگوازرێنەوە و بەهۆی ناتەندروستی و پاك رانەگرتنی دەم و ددانەوە تووشی مرۆڤ دەبیت، باشترین چارەسەریش بریتیە لەپاك راگرتنی دەم و ددان.

ئا: دڵسۆز ڕەزا عەلی
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 3359 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:02:25/04/2019