بەشی پاككردنەوەی ئامێرەكان لەسەنتەری پیرەمێردی ددان كرایەوە





تایبەت " تەندروستی "


لەمەراسیمێكدا بەئامادەبوونی د.سەباح نەسرەدین ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەك لەلێپرسراوان و كارمەندانی تەندروستی، بەشی پاككردنەوەی ئامێرەكان لەناو سەنتەری پیرەمێردی ددان كرایەوە.

لە لێدوانێكدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەگرنگی ئەو بەشە كرد و رایگەیاند: تەندروستی دەم و ددان یەكێكە لەو پرسە گرنگانەی تەندروستی كەدەبێت هەمیشە جێگەی بایەخ پێدان بێت، بەداخەوە لەساڵانی ڕابردوو و لەئێستادا هەوكردن لەڕێگەی ئیشكردن لەددانەكان یەكێكە لەو گرفتانەی زۆربەی ناوەندە تەندروستیەكان لەجیهان پێوەی دەناڵێنن.

وتیشی: ئەو بەشە كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەكۆنتڕۆڵكردنی  هەوكردنی جگەر و ئەو هەوكردنانەی لەڕێگای ددانەوە دەگوازرێتەوە.

د.راستی نەجات بەڕێوەبەری سەنتەری پیرەمێردی ددان ووتی: ئەم هەنگاوە تازەكردنەوەیە و پێشتر  لەسەنتەرەكەیاندا هەبووە، بەڵام بەكۆمەلێك ئامێری دیكە كەوەك ئەوانەی ئێستا پێشكەوتوو نەبوون، ئەم ئامێرانە تازەتر و پێشكەوتووترە و دەتوانن خزمەتی گەورەتری پێ بكەن.

بەشی پاككردنەوەی ئامێرەكان لەناو سەنتەری پیرەمێردی ددان بەشێكی پاكژكەرەوەی پێشكەوتووە و باشترین ئامێری پێشكەوتووی تێدا بەكارهاتووە، هەموو نەخۆشێك سێتی تایبەتی خۆی هەیە و دڵنیایە لەوەی ئەوسێتەی بۆی بەكاردێت پاكژكراوە و بەكارنەهاتووە.

ئا: ئەنوەرحەمە غەریب - هەرێم بابەعەلی  
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی





ئه‌م بابه‌ته 1052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:02:30/01/2019