نه‌خۆشیه‌ هه‌ستیاره‌ نائاسایه‌كانی سه‌رما بناسه‌..


 


" ته‌ندروستی"

هه‌ندێك كه‌س بۆ سه‌رمای ئاسایی كاردانه‌وه‌ی ناسروشتیان پتر له‌ سنوری ئاسایی هه‌یه‌، له‌ ئه‌نجامدا نه‌خۆشی دروست ده‌بێت، له‌وانه‌:
1- ته‌نۆچكه‌ی (هه‌ڵتۆقیوی) ساردی (Chilblains): بریتیه‌ له‌ ته‌نۆچكه‌ی سوری به‌ خوروی به‌ ئازار و له‌وانه‌یه‌ چاڵه‌برین و بڵقیشی له‌گه‌ڵدا بێت، به‌ تایبه‌تی له‌ په‌نجه‌كانی ده‌ست و پێدا، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ده‌ست و پێ و لوت و گوێچك و سمتیش بگرێته‌وه‌.
به‌ ده‌ست لێدان ئازاری هه‌یه‌ و پێسته‌كه‌ی ده‌وروبه‌ریشی زۆرجار شین و سورده‌بێته‌وه‌، له‌ پایز و زستاندا به‌ تایبه‌تی له‌ مناڵ و گه‌نجدا رووده‌دات، بونی نه‌خۆشی تر یان هۆكاری تر وه‌ك بۆماوه‌یی، كه‌م ته‌مه‌نی، به‌ساڵاچون، نه‌خۆشی بۆری خوێنه‌كان، به‌د خۆراكی، تێكچونی پرۆتینی خوێن، نه‌خۆری پتر ئه‌م باره‌ دروست ده‌كه‌ن.
چاره‌سه‌ری و رێگاكانی...!!
چاره‌سه‌ر: پاراستن له‌ سه‌رما، ده‌ستكێشی خوری و گۆره‌وی خوری ئه‌ستور له‌گه‌ڵ خۆگه‌رمدا پۆشین گرنگه‌، ئه‌ندامه‌ ناساغه‌كان راسته‌وخۆ نزیك سۆپا و هیته‌ر گه‌رم نه‌كرێنه‌وه‌.
2- دیارده‌ی راینۆد (Raynauds phenomenon): بریتیه‌ له‌ناوبه‌ناو دروستبونی سپی هه‌َگه‌ران، دواتر شین هه‌ڵگه‌ران، ئه‌وسا سورهه‌ڵگه‌رانی په‌نجه‌كان (یه‌ك یان چه‌ند په‌نجه‌یه‌ك) له‌ ئاكامی كاردانه‌وه‌ی نا ئاسایی بۆ سه‌رما، هه‌ندێك جار بۆ كارتێكردنی سۆزی.
3- سوربونه‌ ده‌ماره‌ ئێش(Erythromelalgia): بارێكی ده‌گمه‌نه‌ كه‌ تێیدا بۆریه‌كانی خوێنی پێ ناو به‌ناو فراوان ده‌بن و پێ به‌ ئازار و سوربونه‌وه‌ ده‌بێت و گه‌رم دادێت و ده‌كزێنه‌وه‌، هه‌ندێكجار ده‌ستیش ده‌گرێته‌وه‌ و چه‌ند خوله‌كێك تا چه‌ند رۆژێك ده‌خایه‌نێت.
ئه‌م باره‌ سه‌ره‌تاییه‌ بێ هۆیه‌ یان له‌ ئنجامی چه‌ند نه‌خۆشیه‌كی تره‌.
چاره‌سه‌ر و رێگاكانی...!!
 هۆكاره‌سه‌ره‌یتایه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌بوو چاره‌سه‌رده‌كرێن.
1-  ده‌رمان به‌كار ده‌هێنرێت له‌وانه‌ ( ئه‌سپرین وه‌ك ئایبۆبرۆفین، ئه‌لفاوه‌ستێن، پێنتۆكسی فلین، مێسیسیرجاید، ئیلۆپرۆست.
2- هه‌ردوو پێ بخرێنه‌ ناو ئاوی سارد.

4-تۆره‌ مۆربونه‌وه‌ (Livedo reticularis) : بریتیه‌ له‌ ره‌نگ گۆرانی پێست به‌ شێوه‌یه‌كی تۆری په‌ڵه‌په‌ڵاوی په‌مه‌یی یان سوور و شین تێكه‌ڵ، به‌ تایبه‌تی له‌ پێستی لاقدا. به‌ركه‌وتنی ساردی و سه‌رما ئه‌م دیارده‌یه‌ پتر ده‌رده‌خات. زۆربه‌ی باره‌كان ئازاری نیه‌، به‌ڵام هه‌ندێكجار ئازار و سڕبون و هه‌ستكردن به‌ ساردی لاقه‌كان هه‌ن.
چاره‌سه‌ر كردن و رێگاكان ....!!
1- خۆپاراستن له‌ سه‌رما.
2- چاره‌سه‌ری هۆكاره‌كه‌ بكرێت.
5-په‌له‌شینكێ (Acrocyanosis): بریتیه‌ له‌ شین و سورهه‌ڵگه‌رانی هه‌میشه‌ی ده‌ست و ده‌موچاو به‌ شێوه‌ی په‌ڵه‌په‌ڵه‌یی، جگه‌ له‌ده‌ست و ده‌م و چاو له‌وانه‌یه‌ پێ و گوێچكه‌ و لووت بگرێته‌وه‌. زۆر جار خێزانیه‌ به‌ری ده‌ست سارد و شێداره‌، له‌م باره‌دا خوێنبه‌رۆكه‌كان چونه‌ته‌وه‌ یه‌ك، به‌ڵام تۆری خوێنهێنه‌ره‌كانی ناو گۆی بن توێژ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ فراوان بون، هه‌ندێكجار خه‌ستی خوێن له‌ ئاسایی پتره‌.
چاره‌سه‌ر و رێگاكانی ...!!
جل و به‌رگی گه‌رم و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سه‌رما.
6- سوورباوه‌ مۆربون (Erythrocyanosis) : بریتیه‌ له‌ شین و سووربونه‌وه‌ی په‌ڵه‌په‌ڵه‌یی به‌رده‌وام له‌ پێستدا كه‌ چینێكی چه‌وری ئه‌ستوری له‌ ژێر دابێت، به‌ تایبه‌تی له‌ مێینه‌ی گه‌نجی قه‌ڵه‌ودا، له‌ ران و لاق و هه‌ندێكجاریش له‌ قۆڵ و سمتدا ده‌رده‌چێت، سه‌رما دروستی ده‌كات و هه‌ست به‌ سووتانه‌وه‌ ده‌كرێت.
چاره‌سه‌ر و رێگاكانی...!!
1- جل وبه‌رگی گه‌رم
2- وه‌رزش كردن
3- كێش دابه‌زاندن
4- گۆره‌وی (كۆڵۆنی) لاستیكی.
7- لیری سه‌رما (Cold  urticarial): به‌ركه‌وتنی سه‌رما ده‌بێته‌ هۆی په‌یدابونی لیر و ئاوسان له‌ شوێنه‌ به‌ره‌ڵاكاندا به‌ تایبه‌تی ده‌ست و ده‌م و چاو، ئه‌م باره‌ كاتی به‌ر سه‌رما كه‌وتنه‌كه‌ ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو دوای گه‌رمكردنه‌وه‌ رووده‌دات، سێ جۆری هه‌یه‌:
ا- جۆری خێزانی (Familial)
ب- جۆری سه‌ره‌تایی (Primary)
ج- جۆری دوه‌می (Secondary)
8- چه‌وریه‌ سۆی سه‌رما (Cold  panniculitis): دوای به‌ركه‌وتنی سه‌رما گرێی پته‌و ( له‌ ئه‌نجامی دارزانی چه‌وری) له‌سه‌ر كوڵمه‌ی ساوا و مناڵدا ده‌رده‌كه‌وێت و بێ شوێنه‌واری سارێژ ده‌بێت.


د. محمود فقێ ره‌سوڵ پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی پێست
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:42:20/01/2019