شیری دایك دەبێتە كەمكردنەوەی رێژەی مردنی منداڵ





تایبەت " تەندروستی "


شیرپێدانی سروشتی سەرەتایەكی باشە بۆ تەندروستی منداڵ ئەگەر دایك بتوانێت منداڵەكەی ڕابهێنێت لەسەر خواردنی شیری خۆی، شیرپێدانی سروشتی رۆڵی گرنگی هەیە لەكەمكردنەوەی ڕێژەی مردنی منداڵ و دایك.


د.ئاواز كەمال مەولود لێپرسراوی هۆبەی خۆراك لەبەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروسی سلێمانی بۆ سایتی " تەندروستی" رایدەگەیەنێت هەموو دایكێك توانای هەیە شیری دوو منداڵ بدات و شیری دایك ئارام بەخشە بۆ دەروونی خۆی و منداڵەكەی.

د. ئاواز كەمال وتی: شیری دایك یەكەم سەرچاوەی خۆراكە لەدوای لەدایكبوونی منداڵ و بەو شیرە گۆش دەكرێت لەبەرئەوەی پێكهاتەی شیری دایك پێكهاتەیەكی سروشتی تەندروستە و لەهیچ پێكهاتەیەكی تردانیە،تەنیا شیری دایكە كە ئازاری گەدە و ڕیخۆڵە و گورچیلەی منداڵ نادات،چونكە پێكهاتەی شیری دایك بەپێی تەمەنی منداڵەكە و بەپێی وەرزەكانی ساڵ گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەڵام ئەم گۆڕانكاریانە لەشیری قووتودا ڕوونادات ،لەبەرئەوە شیری دایك پێویستە بۆ گەشە و پێگەیشتنی جەستەیی و دەروونی و عەقڵی منداڵەكە و لەسەداسەد پێداویستی شەش مانگی خۆراك بۆ منداڵەكە دابین دەكات.

ئەو پزیشكە ئاماژەبۆئەوەدەكات شیری دایك فاكتەری گەشەی تێدایە و دەبێتە هۆی گەشەی ڕیخۆڵە و گەدە و گورچیلەی منداڵەكە،لەبەر ئەوە گەشەیەكی تەندروست دەبەخشێت بەمنداڵەكە و وەكو منداڵێكی تەندروست گەشەدەكات، بەڵام ئەگەر منداڵێك شیری قوتوو بخوات، شیری قوتوو شیری مانگایە و ئەو پرۆتینەی لەو شیرەدایە منداڵەكە قەڵەو دەكات ،قەڵەبوونیش منداڵەكە رووبەڕووی توشبوون بەنەخۆشیە درێژخایەنەكان دەكاتەوە.

سەبارەت بەهۆكارەكانی دووركەوتنەوەی دایكان لەپێدانی شیری خۆیان بەجگەرگۆشەكانیان، د.ئاواز كەمال وتیشی: زەمینەی گونجاو و تەندروست نیە بۆ پێدانی هۆشیاری تەندروستی بۆ ئەومەبەستەش پێویستە لەهۆڵی لەدایكبوون ڕێنمایی تایبەت بدرێت بەدایكەكان و ئەگەر بەهەڵە شیر درا بەمنداڵەكە بۆ دایكەكە ڕاست بكرێتەوە، چونكە زۆربەی دایكەكان نازانن شیر بدەن بەمنداڵەكانیان و شیر بەپێی پێویست نایەتەدەرەوە یاخود منداڵ بەهەڵە هەڵدەگرێت، لێرەدا دایكەكە ناتوانێت شیری تەواو بدات بەمنداڵەكە، لەكاتێكدا هەموو دایكێك دەتوانێت دوو منداڵ تێربكات.

لەبارەی هۆكاری كەمی شیری دایك، ئەو پزیشكە ئەوەی خستەڕوو ئەگەر دایكێك دوو منداڵی ببێت بەنەشتەرگەری پێش ئەوەی ماوەكەی تەواو بكات، ئەوە یەكێكە لەهۆكارەكان، دووەم دەبێت دایكەكە بەشێوەیەكی تەندروست منداڵەكە هەڵبگرێت لەكاتی شیرپێدان، دەبێت پێستیان بەریەك بكەوێت بۆ ئەوەی ئەو هۆرمۆنانەی پاڵنەری شیرن و شیر دروست دەكەن چالاك بكرێن، دەبێت دایكەكە فێربكرێت چۆن شیر بەمنداڵەكە بدات،منداڵەكەش فێربكرێت چۆن مەمك بمژێت ئەمە پرۆسەیەكە كەپێویستە كاری لەسەربكرێت.

د. ئاواز كەمال رایگەیاند: شیری دایك خۆی دەبێتە هۆی ئارامی دەروونی دایك و منداڵ و دەبێتەهۆی گەشەی پێویستی منداڵ، ئەو منداڵەی بەشیری دایك گەورە دەكرێت هەست بەئارامی  زیاتر دەكات، لەكاتێكدا ئەو سوودانە لەشیری قووتودا بەدی ناكرێت، لەهەمانكاتدا شیری قوتوو دەبێتە هۆی دروستبوونی فشاری ئابوری لەسەر خێزانەكە، شیری دایك هەموو كاتێك ئامادەیە و پاكو خاوێن تریشە، ئەگەر دایك لەخێزانەكەیدا لەبارێكی خراپدا بێت و هاوكاری نەكرێت هەرئەوە بۆخۆی ئەو هۆرمۆنەی دەبێتەی هۆی پاڵنانی شیر كەم دەكەن، قەبارەو ڕەگەز و زۆری وكەمی منداڵ خستنەوە نابێتەی كەمی شیری سروشتی لەمەمكی دایكدا.

ئەو پزیشكە وتیشی: شیردی دایك گرنگی هەیە لەبوونی هەست و سۆز و دایك و منداڵەكەی بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بۆیە دەڵێن منداڵ لەباوەشی دایكدا هەست بەئارامی دەكات، لەبەرئەوەی پێستیان بەریەك دەكەوێت و سۆزی دەروونی زۆر زۆرگرنگە بۆمنداڵ ، هەتاڕێژەی شیرپێدانی  سروشتی بەمنداڵ بەرزبكرێتەوە ڕێژەی مردنی منداڵ و دایكەكەش كەم دەكرێتەوە.


ئا: ئەنوەرحەمە غەریب
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1639 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:47:13/12/2018