د.پشدەر عەبدوڵا: چارەسەری ئیفلیجی منداڵان بەشێوەی تیمە لەنێوان چەندین بەشی پزیشكیدا



تایبەت " تەندروستی"


د.پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان لەدیدارێكدا لەگەڵ سایتی "تەندروستی" تیشكی خستەسەر نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان و هۆكار و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیە و مامەڵەكردن لەگەڵیدا.

"تەندروستی" ئیفلیجی مێشك چیە و هۆكارەكانی  ئیفلیج بوون لەمنداڵ چی یە؟

د.پشدەر عەبدوڵا: ئیفلیجی مێشك بریتیە لەوەستاندنی گەشەی مێشكی منداڵا و نەخۆشیەكە نەخۆشییەكی درێژخایەنە و هۆكارەكان دەتوانین پۆلێن بكەین بۆ پێش لەدایكبوون و كاتی لەدایكبوون و دوای لەدایكبوون، یەكێك لەو هۆكارانە زگماكیە ئەگەر هۆكارەكە كرۆمۆسۆم بێت، كەنزیكی یاخود خزمایەتی لەنێوان دایك و باوكدا هەبێت ،یەكێكی دیكە لەهۆكارەكان ئەوەیە دایكی منداڵەكە لەكاتی دووگیانیدا دوچاری هەوكردن بووبێت، ڕەنگە ئەم هەوكردنە بووبێت بەهۆكاری ئەوەی منداڵەكە تووشی ئیفلیجی مێشك بێت.

د. پشدەرعەبدوڵا: هۆكارەكانی كاتی لەدایك بوون ئەوەیە منداڵەكە لەوكاتەدا لەدایك دەبێت ئۆكسجینی پێویستی بۆنەچێت، لەكاتێكدا ئەگەر لەدایك بوونەكە درێژەبخایەنێت و ئۆكسجینی باشی بۆنەچێت لەوحاڵەتەدا منداڵەكە تووشی ئیفلیج بوونی مێشك دەبێت ،هۆكارێكی تر هەن ڕەنگە لەدوای لەدایك بوونەوە بێت،ئەگەری هەیە لەدوای لەدایكبوونەوە منداڵەكە دووچاری هەوكردنی پەردەی مێشك بێت لەوكاتەدا زیانێكی زۆر بەمێشكی دەگەیەنێت و رەنگە ببێتە هۆی وەستاندنی گەشەی مێشك، زۆرجار باوكان و دایكان گرنكی بەزەردوویی منداڵەكەیان نادەن و پشتگوێی دەخەن تا ئەوەی زەردووییەكە ئاستێكی بەرزتر تێدەپەڕێنێت و دەبێتەی هۆی نیشتن لەمێشك و منداڵەكە دووچاری ئیفلیج بوونی مێشك دەكات.

"تەندروستی" شێوازەكانی رێگرتن لەئیفلیجی مێشك چیە؟

د.پشدەرعەبدوڵا: زۆرگرنگە دایكان و باوكان ئاگاداری پرۆسەی لەدایكبوون بن و تابۆیان بكرێت منداڵەكانیان لەنەخۆشخانە لەدایك بێت و پرۆسەی منداڵ بوونەكە بەئاسانی تێپەڕێنرێت بۆئەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەرمێشكی كۆرپەكە دانەنێت، كوتان ئەنجام بدرێت لەكاتی سكپڕیدا، هەروەها ئاگاداری حاڵەتی زەردوویی و بوونی تایەكی زۆر و نەخۆشكەوتنی منداڵەكانیان بن،ئەگەر هەستیان كرد منداڵەكانیان نەخۆشە زوو سەردانی پزیشك بكەن، لەمانگی یەكەمی لەدوای لەدایك بووندا زۆرگرنگە هەفتانە منداڵە سەردانی پزیشكی پێ بكرێت بۆئەوەی لەو كاتەدا ئەگەر نەخۆشیەكی هەبوو زوو چارەسەری پێبدرێت.

د.پشدەر عەبدوڵا: داوا لەدایكان و باوكان دەكەین پێش لەدایكبوون یاخود لەكاتی سكپڕیدا پێویستە سەردانی پزیشك بكەن، ئەگەرهەستیان كرد منداڵەكەیان تایەكی بەرز یاخود هەوكردنی هەبوو پێویستە سەردانی پزیشك بكەن بۆئەوەی چارەسەری بۆبكرێت، لەكاتی پرۆسەی هاوسەرگیریدا ڕێنمایەكانی پزیشك وەربگرن بۆ ئەوەی كەدەركەوت لەنێوان ئەو ژن و پیاوەدا گرفتێكی تەندروستی هەیە چارەسەری پێویستیان بۆبكرێت.

"تەندروستی" شێوازەكانی چۆنیەتی چارەسەركردنی منداڵانی توشبوو بەئیفلیجی چی یە؟

د.پشدەر عەبدوڵا: چارەسەری ئەم منداڵانە بەشێوەی تیمە،واتا لەنێوان چەندین بەشی پزیشكیدا،یەكێك لەوانە پێویستی بەپزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵانە بۆئەوەی دیاری بكات ئەو منداڵە نەخۆشی ئیفلیجی مێشكی هەیە،لەدوای ئەوە ئەگەر منداڵەكە پێویستی بەچارەسەر هەبوو،چونكە ئەو جۆرە منداڵانە زوو زوو توشی ئازاری سنگ دەبن،تووشی ڕەقبوونی ماسولكەكانی لەش و گەشكە دەبن، لەهەمانكاتدا پێویستی بەچارەسەرهەیە بۆ ڕاگرتنی گەشكەكەی یاخود بۆ هەوكردنی سنگی بێت یاخود رەقبوونی جەستەی بێت.

د.پشدەرعەبدوڵا: جۆرێكی دیكە لەچارەسەر بۆ ئەم منداڵانە كەپێویستە بریتیە لەچارەسەركردن بەڕێگای سروشتی كەبەگشتی ئەم منداڵە تووشبوانە گیانیان زۆر ڕەق دەبێت، لەوكاتەدا بۆئەوەی منداڵەكە لەم ڕەق بوونە بیپارێزرێت پێویستی بە چارەسەری سروشتی هەیە و پێویستی بەچارەسەری پزیشكی و دەرمانیش  هەیە، بەڵام چارەسەرە سروشتیەكە زۆر زۆر باشترە كەدەكرێت ئەو ڕەقبونانە كەمبكرێتەوە و لەوگرفتانە ڕزگاری بكات بۆئەوەی زۆربەی كارەكانی ڕۆژانەی خۆی ئەنجام بدات.

د.پشدەرعەبدوڵا: یەكێكی تر لەئەندامانی تیمەكە كەپێویستە هەبێت پزیشكی پسپۆڕی مێشك ودەماری منداڵانە،كەپێویستە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی  گەشكە لەڕێگای دەرمانەوە بێت یاخود ئەگەر ناڕێكییەك هەبێت لەجەستە و ماسولكەكانیاندا پێویستی بەدەرمانێك هەبێت ئەوا لەلایەن پزیشكی مێشك و دەماری منداڵانەوە دەبینرێت، یەكێكی تر لەئەندامانی تیمەكە پزیشكی ئێسك و شكاویە كەئەگەر ناڕێكییەك لەجەستەی نەخۆشكەدا هەبێت چارەسەری بكات.
چارەسەرێكی دیكە ئەوەیە زۆرجار ئەم منداڵانە پێویستیان بەوە هەیە،كە لەڕێگای كۆمەڵگاوە یارمەتیدەریان بێت یاخود ئاگاداری لایەنی مەعنەویان بێت، واتا پێویستمان بەكۆمەڵگایەكی هۆشیار هەیە كەڕێز لەكەسی نەخۆش بگرن نەك بەزەیی پێداهاتنەوە،بۆیە باشترە دەوروبەر بەچاوێكی رێزەوە نەك سۆز ئەو نەخۆشانە ببینێت بۆئەوەی لەڕووی دەرونیەوە كەسێتی تێكنەشكێنرێت و كەمتر كاریگەری لەسەر خودی منداڵەكەوكەسوكاری بەجێبهێڵێت.

"تەندروستی" لێكۆڵینەوەی زانستی رۆڵی هەیە لەكەمكردنەوەی ئیفلیجی منداڵان؟

د.پشدەر عەبدوڵا: دەكرێت حكومەت لەڕێگای زانكۆكانەوە چەندین لێكۆڵینەوە لەسەر هۆكارەكانی ئەم نەخۆشیە ئەنجام بدات بۆئەوەی هۆكارەكانی تووشبوون چین ئەویش پێویستی بەبودجەیەكی تایبەتی هەیە بۆئەوەی ڕێگا لەتەشەنەسەندن و بڵاوبونەوەی بگرین.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 1391 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:36:23/10/2018