نەخۆشی خەمۆكی چییە؟ جیاوازی نێوان خەمۆكی و خەمباری چیە؟



تایبەت " تەندروستی "

ملیۆنان كەس لە یەكێك لە قۆناغەكانی ژیانیاندا تووشی خەمۆكی دەبن. كۆمەڵەی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی لە ئەمریكا (ADAA) دەڵێ خەمۆكی بڵاوترین نەخۆشیی دەروونییە. 

خەمباری لایەنێكی جیانەكراوەی خەمۆكییە، بەڵام هەموو كەسێكی خەمبار تووشبووی خەمۆكی نییە. جیاكردنەوەی ئەم دووانە گرنگە، چونكە خەمۆكی پێویستی بە چارەسەری پزیشكییە، بەڵام خەمباری بارێكی تێپەڕ و كاتییە.

خەمباری چی یە؟ 

خەمباری (sadness) حاڵەتێكی ئاساییە لە مرۆڤدا و هەموو كەسێك كەم تا زۆر تووشی دەبێت. هۆكاری زۆر هەن بۆ ئەوەی مرۆڤ بۆ ماوەیەكی دیاریكراو خەمبار بێت، وەكوو: لەدەستدانی كەسە نزیك و ئازیزەكان، لێكترازانی خێزان، لەدەستدانی كار و پیشە، كەمبوونەوەی داهات، ناكۆكیی خێزانی، كەوتن لە خوێندن و تاقیكردنەوە و كێشەی ئابووری و دارایی. 

خەمباری هەستێكی كاتی و تێپەڕە و وردە وردە بیردەچێتەوە، بەڵام ئەگەر خەمبارییەكە هەمیشە و بەردەوام بوو، وای لە مرۆڤ كرد كار و پیشە ئاساییەكانی خۆی جێبەجێ نەكات، ئەوە نیشانەی تووشبوونە بە خەمۆكی. ئەگەر خەمباری بەرەو خراپتر چوو، یان دوو هەفتە و زۆرتر بەردەوام بوو، ئەوە باشترە راوێژ بە پزیشكی دەروونی بكرێت. 

خەمۆكی چی یە؟ 

خەمۆكی (depression) نەخۆشییەكی دەروونییە و كار لە هەموو هەست و سۆزەكانی مرۆڤ دەكات. كار لە هەڵسوكەوت و هەڵوێستی كەسەكە دەكات، دەكرێ لە هەر رەگەز یان تەمەنێكدا دەربكەوێ. 
ساڵی رابردوو تەنیا لە ئەمریكا و لە كەسانی تەمەن 18 ساڵ و زیاتردا، 16 ملیۆن كەس تووشی خەمۆكی بوون كە دەكاتە 6.7%ی كەسانی پێگەیشتوو لەو وڵاتەدا. 

نیشانەكانی خەمۆكی بریتین لە: ئارەزوو نەمان لە كار و چالاكی، خەمباری، بێهیوایی، نەمانی ئارەزوو بۆ نواندنی هیچ هەڵسوكەوت و هەڵوێستێك، ئارەزوو نەمان لەو چالاكییانەی كە بۆ كەسانی ئاسایی چێژبەخشن. لە حاڵەتە توندەكانیشدا بیركردنەوە لە خۆكوشتن. 

كەسی خەمۆك چیدی ئارەزووی دیداری هاوڕێیان و ئەندامانی خێزانیان نییە، خولیاكانیان پیادە ناكەن و ناتوانن بچنە سەر كار و پیشەكانیان. 
ئەگەر ئەو نیشانانە زۆرتر لە دوو هەفتە بەردەوام بوون، ئەوە ئەگەری زۆرە كەسەكە وەك تووشبوو بە نەخۆشیی دەروونی دەستنیشان بكرێ. لە كەسی تووشبوو بە خەمۆكیدا تێبینی هەندێك دیاردە دەكرێ، لەوانە:

- كەسەكە میزاجی دادەبەزێ و هەستی بێهیوایی دایدەپۆشێ، خەمبارە و ئارەزووی هیچی نییە. 
- چالاكییەكانی كەسێكی ئاسایی لە تووشبووەكەدا بەدی ناكرێ. 
- گۆڕانی كێش: كێشی كەسەكە 5% كەم دەكات یان زۆر دەبێت بێئەوەی مەبەستی بێ. 
- گۆڕانی خەو: نووستنێك كە ئێجگار كەمە یان ئێجگار زۆرە بە بەراورد بە كەسی ئاسایی. 
- بێهێزی و لەشداهێزرانی بەردەوام. 
- گۆڕانی وێنەی خود: هەست بە كەمی دەكات، یان زۆر خۆبەزلزان دەبێ یان هەست بە تاوان دەكات. 
- نەمانی توانای سەرنجدان و بڕیاردان. 
- هەوڵ و پلاندانان بۆ خۆكوشتن.

هەركەسێك لەم هەشت خاڵە، پێنج دانەی تێدابن كە دوو هەفتە بەردەوام بن، ئەو نیشانەی ئەوەیە كە تەنیا خەمبار نییە و ئەگەری زۆرە تووشی نەخۆشیی خەمۆكی بووبێ، دوا بڕیاریش پزیشكی دەروونی دەیدات. 
پزیشكی دەروونی سەرەتا لێكیدەداتەوە ئاخۆ هۆكاری ئەو خەمۆكییە، نەخۆشییەكی جەستەیی یان ماددەیەكی ئاڵوودەكار نییە؟

چارەسەری خەمۆكی 

دوای دەستنیشانكردنی خەمۆكی، پزیشك بڕیار دەدات كە ئاخۆ كامە چارەسەر گونجاوترینە بۆ ئەو كەسە بەپێی توندیی حاڵەتەكە. چارەسەرەكە رەنگە گفتوگۆ، چارەسەری هزری یان دەرمان بێت. بە هەموو بارەكاندا دەبێ ئەندامانی خێزان چاودێری كەسەكە بكەن كە ئایا بە چارەسەرەكان بەرەو باشتر دەچێ یان نا. 

دەرمانەكان 
دەرمانەكان بەگشتی كار لەسەر زیادكردنی ماددەی (سیرۆتۆنین) دەكەن لە مێشك و دەمارەكاندا. سیرۆتۆنین پەیامبەرێكی كیمیاییە و كار لەسەر میزاج و هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی دەكات. 

چارەسەری دەروونی 
بەگفتوگۆ لەگەڵ پزیشك یان توێژەری دەروونی دەبێ. ئەو گفتوگۆیە هەم یاریدەی دەستنیشانكردنی راددەی توندیی نەخۆشییەكە و هۆكارەكانی دەدات، هەم پرۆسەی چارەسەر ئاسان دەكات.

چارەسازیی دەروونی، كەسەكە فێردەكات چۆن خۆی لەگەڵ نەخۆشییەكە و لێكەوتەكانی بگونجێنێ و زانیاری بداتە نەخۆش لەبارەی سرووشتی نەخۆشییەكە و چۆنێتی دەربازبوون لە هەستە نەرێنییەكان. 

نەخۆشخانە 
ئەگەر توندیی نەخۆشییەكە گەیشتە راددەیەك كە نەخۆش نەیتوانی گرنگی بە خۆی بدات و كەوتە مەترسییەوە، یان بیری خۆكوشتنی هەبوو، دەبێ نەخۆش لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشك و چارەسازیی دەروونی بمێنێتەوە. دەكرێ لە هەمان نەخۆشدا زۆرتر لە جۆرێكی چارەسەر بەكاربهێنرێ بەپێی بڕیاری پزیشك. 

د.ڕێبوار غەریب حەمە پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونیەكان
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 16109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:22:25/09/2018